سەرکردەکانی G20 رایدەگەیێنن، چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، نەک بۆ یەکێتی ئەوروپا، بەڵکو بۆ ئابووریی جیهانی دەبێتە شۆک.
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و ئابووری وڵاتانی ئەندام لە گرووپی G20 لە شاری شەنگهای چین، بەشێک لە کۆبوونەوەکان تایبەت کران بە قسەکردن لەسەر ئەگەری چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریی یەکێتی ئەوروپا و جیهان
جۆرج ئۆزبۆرن، وەزیری گەنجینەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو گشتپرسییەی لە بەریتانیا بۆ بڕیاردان لەسەر چوونەدەرەوەی بەریتانیا رێکدەخرێت، مەترسیدارە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش دەڵێت “مانەوەی بەریتانیا لە بەرژەوەندی نەک تانیا ئابووریی جیهان و یەکێتی ئەوروپادایە، بەڵکو لە بەرژەوەندی ئاسایشی جیهانیشدایە”.
بەڵام بەشێک لە بەرپرسە بەریتانییەکان دەڵێن ئەو نیگەرانییەی سەرکردەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەی G20 بێمانایە، چونکە پرسی ئابووری جیهانی و بەتایبەت کارەکانی ئەو گرووپە پەیوەست نییە بە بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپاوە، جگە لەوەش 15 ئەندامی ئەو گرووپە لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپان و تەنیا پێنج ئەندام لەناو ئەو یەکێتییەدان.
نایجڵ فاراژ، سەرۆکی پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا، ئەو روونکردنەوەی ئەندامانی G20 تەنیا وەک هاوکارییەک بۆ دەیڤید کامیرۆن و کارەکانی دەزانێت کە دەیەوێت لەناو یەکێتی ئەوروپا بمێنیتەوە، ئەگینا پرسی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی نێوخۆییە و پێویست ناکات ئەو گرووپە پێشنیازی لەو جۆرە بۆ بەریتانیا بکەن. کاری ئەوانیش تەنیا بازرگانیکردنی گەورە و پشتیوانکردنە لە یەکدی، بۆیە هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر دەنگی خەڵکی بەریتانیا نابێت.
چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە ئەوروپا بۆ ئابووريی جیهان دەبێتە شۆک
