نرخی نەوتی برێنت لە 34 دۆلارەوە بۆ ئاستەکانی 32 دۆلار دابەزی، ئەم دابەزینەش دوای قسەکانی عەلی نعێمی، وەزیری نەوتی سعودیە هات کە لە کۆنگرەی وزەی سیراویک رایگەیاندبوو، بەرهەمهێنانی نەوت کەم ناکەنەوە.
عەلی نعێمی، وەزیری نەوتی سعودیە، لەكاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆنفڕانسی سیراویک کە لە شاری هیوستن لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت رايگەیاند، وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رێککنەکەوتووە، بەڵکو لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە ئاستێكی دیاریكراودا بەرهەمهێنان رابگرن.
لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی سێشەممە 23-2-2016، بەهای نەوت لە ئاستێکی بەرزدابوو، دوای ئەو قسانەی نعێمی بەهای ئەو کاڵایە دابەزی و تاوەكو کاتی داخستنی بازاڕەکان زیاتر لە 4% بەهاکەی لەدەستدا، رۆژی چوارشەممەش 24-2-2016 لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان هەر لەسەر ئاستە نزمەکەی رۆژی رابردوو مامەڵە بە نەوت کرا.
لە دوایین مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1.38% دابەزی و هەر بەرمیلێک لە ئاستەکانی 32 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت. هاوکات بەهای هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی تێکساس لە ئاستی 31 دۆلار و 12 سەنت پێوەدەكرێ و بە رێژەی 2.35% بەهاکەی دابەزیوە.