ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینی پێنج ساڵی داهاتووی نەوتی خستەڕوو

لە ساڵی 2017ەوە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، بەڵام کەڵەکەبوونی نەوتێکی زۆر لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی نرخەکە تاڕادەیەک سنووردار دەکات، ئەمەش بە وتەی نوێترین راپۆرتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لەسەر کەرتی نەوت لە پێنج ساڵی داهاتوودا.



بەگوێرەی راپۆرتەکە  لەسەر ماڵپەری ئەو ئاژانسە بڵاوبووەتەوە، دابەزینی سەرمایەگوزاری لە کەرتی گەڕان و دەرهێنانی نەوتدا هاوسەنگی دروستدەکات لەنێوان خستنەڕو و خواستدا تا ساڵی 2017 ، ئەوەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەیەکی سنوورداری نرخی نەوت.



لەم ساڵەوە تا 2021 ئاژانسەکە پێشبینی دەکات کە رۆژانە 4.1 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد دەبێت بە رێژەی ئەو خستنەڕووەی لە بازاڕدا هەیە، لەکاتێکدا کە ئەو  رێژەیە بۆ 5 ساڵی رابردوو 11 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.



بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لەمساڵدا سەرمایەگوزاری لە کەرتی گەڕان و دەرهێنانی نەوت 17% دادەبەزێت، ئەم ڕێژەیە ساڵی رابردوو 24% بووە، دابەزینی نرخی نەوت لەسەرووی 100 دۆلارەوە بۆ 30 دۆلار لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بووەتەهۆی ئەوەی کە سەرمایەگوزاری دابەزینێکی بێوێنە به‌خۆوه‌ببینی.



له‌ساڵی‌ 1986دا سه‌رمایه‌گوزاریی‌ له‌بواری‌ گه‌ڕان‌و ده‌رهێنانی‌ نه‌وتدا نزمترین ئاستی‌ به‌خۆوه‌بینی‌. 



بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2021 توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا دەگاتە 14.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەلایەکی ترەوە لە ساڵی 2021 ئێران دەتوانێت رێژەی 3.9 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.



تا 2021 خواستی نەوت لە جیهاندا دەگاتە 101.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەکاتێکدا خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان 100.5 بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا، هندستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خواستی لەسەر نەوت زۆر دەبێت، بەڵام گەشەکردنی ئابووری چین لە خاوبوونەوەدایە و خواستی لەسەر نەوت زیادناکات.



پێشبینیکردنی بازاڕی نەوت لە ئێستادا کارێکی قورسە، ساڵێک پێش ئێستا شارەزایانی نەوت پێیانوابوو بەرزبوونەوەی خستنەڕووی نەوت (Supply) لە کۆتایی  2015 کۆتایی دێت، بەڵام پێشبینییەکەیان هەڵە دەرچوو.



ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێران و ئەمریکا سوودمەندی سەرەکین لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بۆ ساڵی 2021.