وەزیری نەوتی عیراق پلانی وەزارەتەكەی بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوو ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە بەرهەمی غاز دەخەنە خزمەتی كارەبا و پیشەسازی.
عادل عەبدولمەهدی ؛وەزیری نەوتی عیراق؛ لە بەیاننامەیەكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە، كە حكومەتی عیراق پلانی داناوە بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوت بۆ 7 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا.
ئاشكراشی كردووە، بەپێی پلانەكە، عیراق لەو بڕە بەنیازە ڕۆژانە 6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكات.
وەزیری نەوتی عیراق ڕاشیگەیاندووە، كە هەموو بەرهەمی غاز دەخەینە خزمەت تۆڕی كارەبا و كەرتی پیشەسازی، بۆئەمەش پێویستمان بە وەبەرهێنانی نزیكەی 300 ملیار دۆلار هەیە لە ماوەی 15 ساڵی داهاتوودا.
لەماوەی ڕابردوودا، عاسم جیهاد ؛وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق؛ ئاشكرای كرد، كە لە مانگی یەك-ی ئەمساڵدا زۆرترین ڕێژەی نەوت هەناردە كراوە و ڕۆژانە گەیشتۆتە 4 ملیۆن و 775 هەزار بەرمیل.