گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات کەم بۆتەوە

ژمارەی گەشتەکانی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، بەراوورد بە دوو ساڵی رابردوو کەمبووەتەوە.

جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی مووچەکانیان، هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان کەمتر گەشت دەکەن، بەوتەی نووسینگەکانی گەشتوگوزاریش رێژەی گەشتی گەشتیارانی باشووری کوردستان بۆ وڵاتان نزیکەی 80% کەمیکردووە.

بەوتەی کۆمپانیاکانی گرووپی گەشتیاریی ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار داواکاری گەشتیاران و گرووپە گەشتیارییەکان زۆر دەبێت، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای کەمکردنەوەی تێچووی گەشتەکان رێژەی گەشتیاران زیادی نەکردووە.

سەرەڕای کەمبوونەوەی چوونی گەشتیاران بۆ دەرەوەی باشووری کوردستان، هاتنی گەشتیارانیش کەمیکردووە، بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ساڵی 2014 زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە باشووری کوردستان، ساڵی 2015 رێژەکە کەمبووەتەوە بۆ ملیۆنێک و 100 هەزار کەس.