هێشتا بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم چاك نه‌كراوه‌ته‌وه‌

 
هێشتا نه‌توانراوه‌ بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان چاكبكرێته‌وه‌ كه‌ 4 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ نزیك شاری ئورفا له ‌توركیا هێرشی كرایه‌سه‌ر.



به‌و پێیه‌ش چوار رۆژه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم راگیراوه‌و زیانی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت زیاتر‌ له‌ 55 ملیۆن دۆلارە، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پشتی به‌داهاتی نه‌وت به‌ستووه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.



سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاندوە ئه‌و زیانه‌ی له ‌هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا به‌ر بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه‌وتووه‌ زیاتربووه‌ له‌و زیانه‌ی له‌ هێرشه‌كانی پێشتردا به‌ر هه‌مان بۆری كه‌وتبوون.



سه‌فین دزه‌یی، به‌خه‌ندانی وت: “پێمانراگه‌یه‌ندرابوو له‌ 2 بۆ 3 رۆژدا چاك ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا نه‌توانراوه‌ بۆرییه‌كه‌ چاكبكرێته‌وه‌”.



وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاند “دوابه‌دوای هێرشكردنه‌سه‌ر بۆری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی كوردستان- جیهان له ‌رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌نزیك شاری ئورفای توركیا، هه‌نارده‌كردن وه‌ستاوه‌”.



هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌كات، زیانه‌كانی ئه‌و 4 رۆژه‌ی وه‌ستانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتیش زیاتر له‌ 55 ملیۆن دۆلارە.



ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وت رانه‌گیرایه‌ له‌و 4 رۆژه‌دا هه‌رێم ده‌یتوانی 2 ملیۆن‌و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان بكات، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێمیش 23 دۆلار ده‌كات له‌ بازاڕه‌كانی جیهان (10 دۆلاری كه‌متره‌ له‌نرخی نه‌وتی برێنت) به‌و پێیه‌ش سه‌رجه‌می داهاتی ئه‌و چوار رۆژه‌ی نه‌وتی هه‌رێم 55 ملیۆن‌ و 200 هه‌زار دۆلاری ده‌كرد.



تائێستا چه‌ندجارێك له ‌خاكی توركیا هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان كه‌ له‌و به‌نده‌ره‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشرێت.
 
 
 
سەرچاوە: خەندان