ئابووری ئێران بە لادانی سزاکان نابووژێتەوە

 
ڕاپۆرتێکی نوێی ناوەندی توێژینەوە نێودەوڵەتییە ستراتیژییەکان ئاشکرای دەکات، پێناچێت ئێران خێرێکی ئابووری ئەوتۆ لە لادانی سزا ئەتۆمییەکان ببینێت، ئەگەرچی هەم ئێرانییەکان و هەمیش وڵاتانی رۆژئاوا چاوەڕێیان دەکرد لادانی سزا ئەتۆمییەکان بووژانەوەیەکی گەورە لە ئابووریی ئێراندا بهێنێتە ئاراوە.



چاوەڕێ دەکرێت بە هۆی لادانی سزا ئەتۆمییەکان، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ساڵی 2016 بۆ 3.1 ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە، بەمەش 10%ی کۆی نەوتی ئۆپێک بەرهەمبهێنێت و لە ساڵی 2017ـشدا ئاستی بەرهەمهێنانی جارێکی دیکە بۆ 3.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدا لە سێ ساڵی رابردوودا تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران 2.8 ملیۆن بەرمیل بووە. 



بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکەی ناوەندی توێژینە نێودەوڵەتییە ستراتیژییەکان بەرزبوونەوەی رادەی بەرهەمهێنانی نەوت ناتوانێت کاریگەرییەکی گرنگ لە کەرتی ئابووری ئێراندا بهێنێتە ئاراوە، هۆکاری ئەمەش بۆ دابەزینی 70%ی نرخی نەوت لە ماوەی یەک ساڵ و نیوەی رابردوودا دەگەڕێتەوە. 



تیمی ئامادەکاری راپۆرتەکە هەروەها جەخت لەسەر ئەو جیاوازییە بەرچاوە دەکەن کە لە نێوان ئاستی دابەزینی نرخی نەوت و خێرای بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران دەکەنەوە، پێشبینیش دەکەن هەتا کۆتایی 2016 ئێران نەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ ئاستی ساڵانی 2011 بۆ 2012 بەرز بکاتەوە، هەر بۆیەش گەربێتو نرخی نەوت لە ساڵی 2016 تەنانەت هەتا 60 دۆلاریش بەرز ببێتەوە، دیسانی داهاتی ساڵانەی ئێران لە هەناردەکردنی نەوت لە 60 بۆ 65 ملیار دۆلار بەرزتر نابێتەوە.