گرانكردنی نرخی كارەبای كارگەكان ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

 
گرانكردنی نرخی كارەبای كارگەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نارەزایی بەشێك لە كارگەكانی لێدەكەوێتەوە هۆشداری دەدەن لە زیادبونی رێژەی بێكاری و بەرێوەبەری پیشەسازی سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو بڕیارە پێچەوانەی سیستمی پێدانی كارەبایە بە كارگەكان كە لە جیهاندا پەیرەو دەكرێن.
بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت‌وگاز كە لە 22ی مانگی رابردودا دەركراوەو ئیمزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە نرخی كارەبای كارگەكان گران كرا.
بەو پێی ئەو بریارە نوێیە كە لەسەرەتای ئەم مانگەوە جێبەجێكراوە نرخی یەك كیلۆ وات كارەبا لە (20) دینارەوە گرانكراوە بۆ (70) دینار ئەوەش نارەزایی بەشێك لە خاوەن كارگەكانی لێكەوتۆتەوە.
عوسمان قادر خاوەنی پشك لە كارگەی سلێمانی ستی ڕایگەیاند”ئەوەی چاوەڕێمان نەدەكرد لەم كاتەدا بڕیارێكی لەم شێوەیەی حكومەتی هەرێم بوو بەتایبەت كە پێشتر ئێمە سودی ئابوری كارگەكەمان بە نرخی (20) دینارەكە پێشكەش كردوە و ئێستاش نرخەكەی بۆتە سێ ئەوەندە ‌و نیو”
عوسمان قادر وتیشی”بەزیادبونی نرخی كارەبا لەسەر كارگەكان نرخ لەسەر هاووڵاتیانیش گران دەبێت و ناشتوانین ركابەری بەرهەمی دەرەوە بكەین و ئەمەش دەبێتە هۆی داخستنی كارگەكان و لەدەستدانی هەلی كار بۆ گەنجان”.
گرانكردنی نرخی كارەبای كارگەكان بەشێك بو لەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێم نای لەچوارچێوەی چاكسازیدا و زیادكردنی داهات. 
محەمەد جەبار بەڕێوەبەری پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ئەو بڕیارەی داویانە پێچەوانەی هەمو دنیایە كە كەرتی پیشەسازی تا كارەبا زۆر بەكاربهێنێت نرخی لەسەر كەمدەكرێتەوە”.
وتیشی” لەجیهاندا ستاندارد هەیە كە نابێت تێچونی كارەبا لەیەكەی بەرهەمدا 3% تێپەڕبكات، بەڵام لە هەرێم %٨ تێپەڕیوە و ئەمەش نابێتە هۆی دروستبونی ركەبەری”.