عێراق ناتوانێت خۆگربێت لەبەرامبەر بەردەوامى دابەزینى نەوت

فەرید زەکەریا، شیکەرەوەى سیاسى و پێشکەشکارى بەرنامەى GPS لە تۆڕى CNN رایگەیاند، سیاسیەکى عێراقى ئەو رەوشە ئابورییە دژوارەى پێى راگەیاندووە کە روبەڕوى وڵات دەبێتەوە ئەگەر دابەزینى نرخى نەوت بەردەوام بێت.
زەکەریا وتیشى “یەکێک لە سیاسیە دیارەکانى عێراق پێى راگەیاندم وڵاتەکەى ناتوانێت بەخۆگرى بمێنێتەوە هاوکات لەگەڵ بەردەوامى دابەزینى نرخى نەوت بۆ ماوەیەکى درێژ” ئاماژەى بەو تێچووە ئابورییە کرد کە کەوتوەتە سەر بودجەى عێراق بەتایبەتیش بەهۆى جەنگى دژ بە رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش).
ئەو شیکەرەوە سیاسیە ئەوەشى وت “تیم ئەرانگۆ، لە رۆژنامەى نیویۆرک تایمز وێنەیەکى رونى دەربارەى رەوشى عێراق بڵاوکردەوە کاتێک رایگەیاند، وڵاتەکە ئەرکى جەنگێک بەرامبەر داعشى لەئەستۆدایە و روبەڕووى فشارێکى ئابوریش بوەتەوە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت کە سەرچاوەى 90%ى داهاتەکانى حکومەتە.. ئاماژەشیداوە هەشت ملیۆن عێراق پشت بەو موچەیە دەبەستن کە حکومەت دەیانداتێ و تێچوەکەى مانگانە چوار ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا داهاتى ئێستاى نەوت تەنها سێ ملیار دۆلار بۆ حکومەت فەراهەمدەکات”.
 
دواڕۆژ