بەغدا 746 ملیار دیناری جوتیارانی هەرێم قەرزارە

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت لەئێستادا حكومەتی عێراق بڕی 746 ملیار دیناری جوتیارانی هەرێمی كوردستان قەرزارە.

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكیدا رایگەیاند “بڕی ئەو پارەیەی كە لای حكومەتی بەغدایە بریتیە لە 146 ملیار دیناری ساڵی 2014 و 600 ملیاری ساڵی 2015 كە كۆی هەمی دەكاتە 746 ملیار دینار.

سەبارەت بە هۆكاری نەناردنی پارەكە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، ئەحمەد حاجی رەشید وتی “رەنگە هۆیەكە ئەوە نەبێ‌ كە پارە نییە، بەڵكو بەغدا وا بیردەكاتەوە كە بۆچی 600 ملیار دینار بنێرێتە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا بەشێك لە جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش هێشتا پارەیان وەرنەگرتووە”.

بریاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتیشی “رەنگە لەساڵی 2016 بەغدا یەك دەنك گەنم لە هەرێمی كوردستان وەرنەگرێت و یەك دیناریشمان نەدەنێ‌، چونكە بەغدا داوا دەكات وەزارەتی كشتوكاڵی كوردستان هەندێك رێوشوێن بگرێتەبەر لەوانەش: پلانی كشتوكاڵی كوردستان رەوانەی بەغدا بكرێت‌ و رێگە بدرێت‌ لیژنەیەك لە بەغداوە بێنە كوردستان بۆ پشكنینی گەنمی كوردستان، چونكە گومانیان هەیە گەنمی هۆڵەندی تێكەڵ بەو گەنمە دەكرێت‌ كە رەوانەی بەغدا دەكرێت‌”.