وەزارەتی نەوتی ئێران ئاشكرایكرد هەناردەی رۆژانەی نەوتی وڵاتەكەی بۆ بازاڕەكانی جیهان زیادیكردوە.
بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لەلێدوانێكیدا ئاشكرایكردوە” قەبارەی فرۆشی نەوتی خاوی ئێران بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا لە دوای هەڵگرتنی سزاكان، ئاستەكانی 300 هەزار بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە لە رۆژێكدا.
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە كە كۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی 160 هەزار بەرمیل نەوتی ئێران دەكڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوا سەردانی رۆحانی بۆ فەرەنسا گرێبەستێكی كڕینی نەوت واژۆكرا لە لایەن كۆمپانیای تۆتال و وەزارەتی نەوتی ئێران.
هاوكات كۆمپانیای ئینی ئیتاڵیش 100 هەزار بەرمیل نەوتی ئێران دەكڕێت و بڕیاریشە بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایە لە داهاتوو سەردانی تاران بكەن بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەسەر كڕینی نەوت.
زەنگەنە ئاماژەی بەوەشكردووە كە كۆمپانیای ساراسی ئیتاڵی رۆژانە 60 تاوەكو 70 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ئێران دەكڕێت.