سەرمایەدارێکی سلێمانی: یەک دینارم لە دەرەوەی وڵات نەخستۆتە گەڕ

 
فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری نیشتمانی کوردستان و خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاروق هۆڵدینگ، لە ساڵیادی دامەزراندنی ئاسیاسێڵدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند نرخی پەیوەندییەکان لە %٥٠ و زیاتر کەمکرانەوە، پێشمەرگەکانیش دەتوانن لەئێستا بەدواوە لە بەرەکانی جەنگ بە بێ بەرامبەر ئاسیاسێڵ بەکاربێنن.
 
 6ی شوباتی 2016 کاتژمێر 8ی ئێوارە، فاروق مەلا مستەفا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “15 ساڵ پێش ئێستا و بۆ یەکەمجار توانیمان یەکەم کۆمپانیا لە بواری پەیوەندیکردنی مۆبایل لە 6/2/2001 دروستبکەین، توانیمان لەچەند ساڵێکدا فراوانتر بین و خزمەتگوزارییەکانمان سەرجەم عێراقی گرتەوە.”
 
وتیشی “بەقازانجەکەی ئاسیاسێڵ توانیمان هەوڵ بدەین ژێرخانی ئابوری هەرێم پتەوبکەین و دوو کارگەی بەهێزی چیمەنتۆمان پێکهێنا و ئێستا ساڵانە 6 ملیۆن تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنن، توانیمان کارگەی ئەلەمنیۆم، سەندویچ پەناڵ، گەڵڤەرنایز، ئاسن، دروستکردنی دەرمان، کەرەستەی پزیشکی، کۆمپانیای ئینتەرنێت، وەبەرهێنانی خانوو، پێشکەتووترین نەخۆشخانە، جوانترین هۆتێل، کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیای دڵنیایی دروستبکەین.”
 
 ئاشکراشیکرد “بۆ مێژوو دووپاتی دەکەمەوە یەک دینارم لە دەرەوەی وڵات نەخستۆتە گەڕ و هەموو سەرمایە و توانا داراییەکانم لە وڵاتەکەمدا خستۆتەگەڕ و هەروا دەبێت.”
 
ئاماژەی بەوەشکرد “ئێمە لە دڵسۆزیمانەوە بۆ خەڵک و خاکی خۆمان لەیادی دامەزراندنی ئاسیاسێڵدا بڕیارماندا کە نرخی پەیوەندییەکانمان لەسەرتاسەری کوردستان لە %٥٠ و زیاتر دابشکێنین، پێشمەرگە گیان فیداکارەکانمان و ئەو هێزانەی خاکمان دەپارێزن لەئێستاوە دەتوانن بەخۆڕایی هێڵی ئاسیاسێڵ بەکاربێنن لەبەرەکانی جەنگدا.”
 
ز.ر