قەبارەی سەرمایەی کەرتەکانی گەشتیاری و بازرگانی و وەبەرهێنان لە باشووری کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمبووەتەوە و حکومەت ئێستا هەوڵی جوڵاندنەوەی ئەو کەرتانە دەدات.
بەپێی داتاكانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنان لەدوای ساڵی 2013 ساڵ بە ساڵ دابەزیوە و ئێستا قەبارەی پاشەكشێكە 25 بۆ 30 ملیار دۆلار دەبێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا ئابووری باشووری کوردستان لە سێکتەرەکانی گەشتیاری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قەبارەی سەرمایەی ئەو کەرتانە بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر ببێتەوە.
لەو دوو ساڵەدا کەرتی گەشتیاری لە داهات و هاتنی گەشتیار بۆ نێو هەرێمی کوردستان بە رێژەی %60 پاشەكشەی كردووە، دەستەی گەشتووگوزار بۆ ئەمساڵ پلانی بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیارانی هەیە.
کەرتی وەبەرهێنانیش وەک کەرتەکانی دیکە بێبەش نەبووە لەو زیانە، بەڕادەیەک قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنان ساڵی 2014 بەراورد بە 2013 ، نزیكەی 60%، هەروەها ساڵی 2015 بەراورد بە ساڵی 2013، نزیكەی 68% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی هەناردە و هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی رابردوودا رێژەی بازرگانی هەناردە و هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ ناوەوە و دەروەی کوردستان بەڕێژەی 50% تاوەکو %51 دابەزیوە.