بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی بەغدا دەتوانێت بەسەر قەیرانی داراییدا زاڵ ببێت و ئەوەش دەخاتەڕو كە حكومەت دەتوانێت بەئاسانی خەرجییەكانی ئەمساڵ و موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دابین بكات.
بانكی ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی دوپاتكردەوە كە قەیرانی دارایی كێشەی بۆ حكومەتی بەغدا دروستكردوە، بەڵام رونیشیكردوەتەوە كە عێراق خاوەنی ژمارەیەكی زۆر رێگەچارەیە بۆ زاڵبون بەسەر قەیرانەكەدا و دەشڵێت: “حكومەتی عێراق خاوەنی پاشكەوتێكی باشی پارەی یەدەگ و ژمارەیەكی زۆر لە سەنەداتی داراییە، هاوكات دەتوانێت قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی بكات بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە داراییەكان و كورتهێنانی بودجە”.
هەر لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕو كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەتوانێت بەبێ پەنابردن بۆ راكێشانی پارەی یەدەك یاخود قەرزی دەرەكی، لە رێگەی فرۆشتنی سەنەداتی دارایی و ماڵ و موڵكی دەوڵەتەوە، خەرجییەكانی ساڵی (2016) دابین بكات.
هەروەك جەختی لەوە كردوەتەوە كە؛ حكومەتی عێراق ساڵی (2016) بەئاسانی تێدەپەڕێنێت و دەتوانێت سەرجەم خەرجییەكانی دەوڵەت و موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابین بكات.