عێراق كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی دەخاتەوە كار

 
وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، “بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەر دوو حكوومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستان لە بارەی هەناردەكردنی نەوت، بڕیاردراو کەە دووبارە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو هەڵوەشێنرایەوە بخرێتەوە كار”. 


عەبدولمەهدی ئەمەی لە كۆڕێكدا كە وەزارەتی نەوت لە ناوەندی رۆشنبیری نەوت لە بەغدا ساز كردبوو راگەیاند و گوتی: “حكوومەت و پەرلەمان لەسەر دووبارەخستنەوە كاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی رێككەوتوون”.


وەزیری نەوتی عێراق لە قسەكانیدا ئاماژەی دا، كە بەو مەرجە كۆمپانیاكە دەخرێتەوە كار كە ببێتە موڵكی هەموو گەلی عێراق و، هەر تاكێكی عێراقی پشكی لەو كۆمپانیایەدا هەبێت. 

عادل عەبدولمەهدی باسی لە سەركەوتنی دامەزراندنی كۆمپانیا نەوتییەكان كرد و دووپاتی كردەوە، كە ئەزموونی دامەزراندنی كۆمپانیا نەوتییەكان لە پارێزگاكان سەركەوتنی گەورەی لە زیادبوونی بەرهەمی نەوت بەدەست هێناوە. 

عەبدولمەهدی روونی كردەوە، كە سەرجەم پارێزگاكان بەپێی ژمارەی دانیشتوانیان مافیان لەو كۆمپانیایەدا دەبێت. 

كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بە بڕیاری رژێمی پێشووی عێرا ق لە سەروبەندی شەڕی نێوان ئەو وڵاتە و ئیران هەڵوەشێنرایەوە. 


ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق مەمحەد كاوە ئاشكرای كرد، كە پەرلەمانی عێراق لە دەستپێكی خولی داهاتوویدا، دەست بە گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و غاز و خستنەوەكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی ئیتیحادی و حكوومەتە خۆجێیەكان و هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت دەكات. 


كاوە كە پەرلەمنتارێكی كوردە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “یاسای نەوت و غاز و كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی رۆڵی گرنگیان بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستان لە بواری میكانیزمی هەرنادەكردنی نەوت دەبێت”.


كاوە ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەندامانی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیش، لە نوێنەرانی سەرجەم پارێزگاكان دەبێت تەنانەت ئەوانەی هەرێمی كوردستانیش. 


لە دووی كانوونی یەكەمی ساڵی 2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رێككەوتنی نەوتی بەغدا و هەولێری پەسەند كرد، كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبوایە هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لەگەڵ 300 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی رۆژانە هەناردەی دەرەوە بكات و داهاتەكەی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە، بەڵام رێككەوتنەكە بەشێوەیەكی كۆتایی لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو وەستا.
 
ز.ر