توره‌ج ئه‌سڵانی خه‌ڵاتی ئوسكاری ئاسیای به‌ده‌ستهێنا ‌

وێنه‌گری كورد تورج ئه‌سڵانی خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گری شه‌شه‌مین فێستیڤاڵی ئیسكرین (ئاسیا په‌سیفیك-ئۆسكاری ئاسیای) له‌ئوستورالیا به‌ده‌ستهێنا. 
تورج ئه‌سڵانی وێنه‌گری‌ فیلمی (وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌نه‌كان)ی‌ به‌همه‌ن قوبادی‌ كه‌ پێشتر خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گری به‌شی سه‌ره‌كی شه‌سته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سان سباستیانی له‌ئیسپانیا به‌ده‌ستهێنا، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردوودا له‌ئوسترالیا خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گری شه‌شه‌مین خولی رێوڕه‌سمی به‌خشینی‌ خه‌ڵاتی ئیسكرین (ئاسیا په‌سیفیك) (APSA) ناسراو به‌(ئوسكاری ئاسیایی) پێبه‌خشرا.
ئه‌سڵانی له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌دا خه‌ڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد به‌بیهرۆز وسوقی ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای ئێران‌و ئه‌‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ فیلمی‌ وه‌رزی‌ كه‌ركه‌ده‌نه‌كان. 
توره‌ج بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ گرنگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین وێنه‌گری‌ سینه‌مایی وڵاتانی‌ وه‌ك مالیزیا،تایوان، رووسیا، له‌كێبڕكێدابوون، به‌ڵام له‌كۆتاییدا ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌خشرایه‌ ئه‌م وێنه‌گره‌ی‌ كورد.
رێوڕه‌سمی كۆتایی شه‌شه‌مین خولی پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئیسكرین (ئاسیا په‌سیفیك) له‌شاری بریسبین له‌ئوسترالیا به‌ڕێوه‌چوو براوه‌ی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی فێستیڤاڵیش بریتیبوون له‌: باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان، باشترین وێنه‌گرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیكۆمێنتی، باشترین فیلمی ئه‌نیمه‌یشن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئه‌كته‌ری پیاو، باشترین ئه‌كته‌ری ژن.
راگه‌یاندنی‌ ستاك فیلم