بەپیی زانیاری یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی كاڵا بۆناو هەرێم بەڕێژەی 50 % كەمی كردوە، جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەشازی سلێمانیش دەڵێت” ئەگەر كەرتی كشتوكاڵو پیشەسازی پەرەی پێنەدرێت ئەوا نەوت ماڵوێرانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان دێنێت.
مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” هاوردەكردنی كاڵا بەڕێژەی لە 50 % بۆ ناو هەرێم كەمی كردوە بەشێوەیەك لەساڵی 2015 دا بە بەهای (4ترلیۆنو 720) ملیار دینار كاڵاو پێداویستی هاوردەی هەرێم كراوە.
كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر كەرتی تایبەتو بواری بازرگانیش بەدەر نەبوە، بەهۆی قەیرانەكەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی كەمیكردوەو ئەوەش وایكردوە دەیان هەزار خێزان بێكار بنو ئاستی بژێوییان دابەزێت.
یاسین رەحیم جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی 2013 بەڕێژەی لە 78% ئاڵوگۆڕی بازرگانی كەمیكردوە.
یاسین رەحیم ئاماژەی بەوەشكرد “ئەگەر كەرتی كشتوكاڵو پیشەسازی پەرەی پێنەدرێت ئەوا نەوت ماڵوێانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان دێنێت.
بەپێی ئامارەكان لەماوەی رابردودا مۆڵەت دراوەتە ( 5 هەزارو 307) كارگەو كارخانەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی گرنگینەدانی حكومەت بەو كارگانەو دابین نەكردنی مادەی خاو، بەشێكی زۆریان لەكاركەوتون، ئەوەش وایكردوە هەرێمی كوردستان بۆ زۆربەی پێداویستییەكانی پشت بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێت، لەو نێوەندەشدا كاڵای توركی بەپلەی یەكەمو دواتر ئێرانی.