بۆ چارەسەركردنی قەیرانی مرۆیی، عێراق پێویستی بە 861 ملیۆن دۆلارە

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان رایدەگەیەنێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی مرۆیی لە عێراق پێویستیان بە 861 ملیۆن دۆلار هەیە.

نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان رایدەگەیەنن، بۆ چارسەركردنی قەیرانە مرۆییەكان لە عێراق پێویستیان بە 861 ملیۆن دۆلار هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر حكومەتی عێراق رایگەیاندبوو كە بۆ هاوكاریكردنی زیاتر لە 10 ملیۆن كەس و دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان، پێویستی بە ملیارێك و 560 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی هەیە.
لیزا گراندی، رێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند “چاوەڕان دەكرێت لە چەند مانگی داهاتوودا قەیرانە مرۆییەكانی عێراق بەرفراوانتر و خراپترببن”.

رێكخەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق داوای بڕێكی دیاریكراو هاوكاری دارایی دەكەن، چونكە پێیانوایە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ ژمارەیەكی زۆرتری خەڵك ئاوارە دەبن و قەیرانەكە لەوە خراپتر دەبێت، كە هەیە.
 
لیز گراندی راشیگەیاند “پلانی هاوكاری مرۆیی بۆ 10 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی داڕێژراوە و بڕی یەك ملیار و 560 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و هەوڵدەدرێت نیوەی ئەو پارەیە بە هاوكاری وڵاتانی جیهان كۆبكرێتەوە”.

لەمساڵدا نزیكەی 10 ملیۆن كەس لە عێراق پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە كە 3 ملیۆن و 300 هەزار كەس لەوان بەهۆی هاتنی چەكدارانی داعشەوە ئاوارەبوون و پێویستیان بە هاوكاری خێرا هەیە، چاوەڕوانیش دەكرێت 200 هەزار كەس لە كۆتایی ئەمساڵدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.