داهاتی باج بۆ سێ هێندەی ئێستا بەرزدەکرێتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک لەبارەی داهاتی باج و رسومات دەردەکات، مەزەندەش دەکرێت بەڕێکخستنەوەی باج و رسوماتەکان، داهاتی ئەو کەرتە لە 216 ملیار دینارەوە بۆ 600 ملیار دینار لەساڵێكدا بەرزببێتەوە.
فەرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لەو بڕیارانەی دەدرێن پابەندکردنی هەموو کۆمپانیاكان و دامەزراوەکانە بەپێدانی باج بەحکومەت، بەمەرجێک یاسا رێگر نەبێت.
سۆفی ئەوەشی خستەڕوو “بەرێکخستنەوەی سەرجەم باج و رسوماتەکان، داهاتەکانیان بە داهاتی گومرگەوە، 30% کۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت”.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی “لەماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری لێخۆشبوونی باج و گومرگ لە كوردستاندا هەبووە و داهاتی بەرەو كەمكردنەوە بردووە، بەشێوەیەک تەنها لە مانگێكدا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل 14 تاوەكو 15 هەزار بارهەڵگر لێخۆشبوونی لە باج و گومرگەوە بەناوی جیاجیا بۆ كراوە”.
ئەوە جگە لەوەی لە کۆی ئەو 23 هەزار کۆمپانیایەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن، تەنها 15 هەزار کۆمپانیایان باجدەدەن، بەو پێیەش هەشت هەزار كۆمپانیا لەباجی خانووبەرە تۆمار نەكراون، ئەو كۆمپانیایانەی كە تۆمارنەكراون و كاری ئەهلی دەكەن دەتوانن باج نەدەن. یاسای وەبەرهێنان و گرێبەستە نەوتیەکانیش کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و کۆمپانیا نەوتیەکانیان لە باج بەخشیووە، لەکاتێکدا یاسای نەوت و گاز شەش جۆر باجی بەسەر کۆمپانیا نەوتییەکاندا سەپاندووە.
زانیار محەممەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری رایگەیاند “داهاتی ساڵێکی باج و رسومات 212 ملیار دینارە و لەسەدا 10ی داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنێت، بەڵام ئەگەر بە باشی رێکبخرێتەوە و هەموو کۆمپانیاکان باجبدەن، داهاتەکەی بۆ 600 ملیار دینار لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە”.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتیەی وەزارەتی دارایی ئاماژەبەوەشدەکات “جگە لەو کۆمپانیا نەوتیە بیانییەکان، پاڵاوگە نەوتییەکانیش باجیان نەداوە. پاڵاوگە هەیە دوو ساڵ بەبێ باج کاریکردووە و دواتر داخراوە و یەک دیناریش باجی نەداوە”.
ژمارەی پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکان تاوەكو پێش 15-9-2015 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان 190 پاڵێوگە بووە، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە بۆ 26 پاڵاوگە کەمکرایەوە.
 
ز.ر
 
سەرچاوە: ڕوداو