لە راپەڕین 100 کارگە داخراون و سێ‌ هەزار هاونیشتمانی بێکار بوونە

 
لە دەڤەری راپەڕین لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا، 100 کارگە داخراون و زیاتر لە سێ‌ هەزار هاونیشتمانی بێکار بوونە.
قەیرانی دارایی و پاڵپشتینەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشێک لە کارگەکان بەرهەمەکانیان کەمبکەنەوە و، بەشێکی دیکەشیان بەتەواوی لە کاركردن بوەستن و، رێژەی بێکاری زیادبکەن.
محەممەد شەفیق خاوەن کارگە دەڵێت “زۆربەی بەشەکانی کارگەکەم داخستووە، حکومەت هیچ گرنگی بە کەرتی ناوخۆیی نادات. من لەم کارگەیە دەتوانم 500 کەس کار پێبکەم، بەڵام دەبێت حکومەت کەمێک هاوکارم بێت”.
لەڕووی ئابووری گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی باشووری کوردستان لە قەیرانی دارایی رزگاری ببێت و بێکاریش کەم ببێتەوە.
ئەمیر ئەحمەد، ئابووریناس دەڵێت “گرنگیدان بە کەرتی تایبەت دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی بێکاری و هەستانەوەی ئابووری. هەر وڵاتێک گرنگی بە کەرتی تایبەت بدات، دەتوانێت ئابووریی خۆی بە هێز بکات و سەرکەوتوو بێت”.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا لەدەڤەری راپەڕین، 100 کارگەی جۆراوجۆر لە کارکردن وەستاون و زیاتر لە سێ‌ هەزار هاونیشتمانی بێکار بوونە.
 
سەرچاوە: ڕوداو