عێراق 81 ملیار دۆلار قەرزدارە

حكومەتی عێراق لە ئێستادا بڕی 81 ملیار دۆلار قەرزدارە كە بەشی زۆریان قەرزی دەرەكین و هەندێكیشی قەرزی ناوخۆییە.

ئەحمەد ڕەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكیدا ئاشكرایكرد: لە ئێستادا عێراق 81 ملیار دۆلار قەرزارە بە جۆرێك  56 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری قەرزی دەرەكین و 28 ترلیۆن و 100 ملیۆن دینارە و بەم دواییانەش نزیكەی 2 ترلیۆنی دیكەی هاتۆتە سەر.

لەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمیشەوە وتی “هەرێمی كوردستان بە پێی سەرچاوە فەرمی و  نافەرمییەكانیش هەرێمی كوردستان تەنها  20  ملیار دۆلار قەرزارە لەگەڵ 2 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار غەرامەی كۆمپانیای داناگازی لەسەرە كە لەمبارەیەوە هیچ داتایەكی فەرمی بڵاونەكراوەتەوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد ” ئەگەر بەرواردێك لەنێوان قەرزەكانی هەرێم و بەغدا بكەین دەبینین كە بەغدا بە پلان و هەرێم بە بێ‌ بوونی پلانی تۆكمە كاردەكات، بە جۆرێك عێراق ساڵانە لەبوجەدا دیاری دەكات قیست و فائیدەی قەرزەكانی چەندن و كەی تەواو دەبن، بەڵام هەرێم یاسای بوجەی نیە 3 ساڵە كەس نازانێت چۆن ئەو قەرزانە دەداتەوەو قیست فائیدەكان چۆنن.