بەبەشداریی 40 سەركردەی جیهانو زیاتر لەدوو هەزارو 500 بەرپرسو كەسایەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە 46 هەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لەداڤۆسی سویسرا، دەست بە كارەكانی دەكات.
دروشمی ئەمساڵی 46 هەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، بریتییە لە (شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم)، ئەوەش دوای ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی جیهان لەبواری تەكنەلۆژیاو بەرزكردنەوەی ئاستی توانای كارگەكان بەدەستی هێنا.
كۆڕبەندی ئابووریی جیهان، ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێتو لەو نێوەندەشدا چەندین بابەتی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی، لەنێویشیاندا ئاسایشی جیهانو وزەو گۆڕانكارییە ئابوورییەكانو كەشوهەواو تەكنەلۆژیاو كۆچی پەنابەرانو تەندروستی جیهان تاوتوێ دەكرێت.
كۆڕبەندی داڤۆس، لەسەر ئاستی جیهان بەگەورەترین كۆبوونەوەی ئابوری دادەنرێت كە تیایدا دیارترین سەركردەكانی جیهانو بەرپرسانو كەسایەتییەكان بەشداری تێدا دەكەن، ئەمساڵ ژمارەیان بە 40 سەركردەو زیاتر لە 2500 بەرپرس دەخەمڵێنرێت، جگە لەوەش زیاتر لەهەزار كۆمپانیای جیهانی لە كۆڕبەندەكەدا بەشدار دەبن.