ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق 56 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی لە سەرە و تاوەكو ساڵی 2053 دەبێت سەرجەم قەرزەكان بداتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “بەپێی ئەو ژمارە و داتایانەی لە حكومەتی عێراقەوە بەدەستمان گەیشتووە عێراق 56 ملیارو 200 ملیۆن دۆلار قەرزی دەرەكی كردووە پێویستە تا كۆتایی ساڵی 2053 سەرجەم قەرزەكان بداتەوە”.
ئەحمەد حاجی رەشید وتیشی: “قەرزە دەرەكییەكان دوو جۆرن ئەو قەرزانەی تا پێش ساڵی 2003 بووە پێویستە تا كۆتایی ساڵی 2028 بیداتەوە، هەرچی ئەو قەرزانەی دەكەوێتە دوای ساڵی 2003 پێویستە تا كۆتایی ساڵی 2053 بیداتەوە، نەوەكانی داهاتووی عێراقیش دەبێتە باجی قەرزەكانی حكومەت بدات بەڕاستی ئەمەیە باوكی گەندەڵ”.
قەرزە دەرەكییەكانی عێراق بەمشێوەیە،6 ملیار و900 ملیۆن دۆلار قەرزی یانەی پاریسە، قەرزەكانی كۆمەڵەی دەرەوەی یانەی پاریس 2 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، قەرزی بازرگانە بیانیەكانیش 3 ملیار و600 ملیۆن دۆلارە، حكومەتی عێراق بڕی 200 ملیۆن دۆلار قەرزدارە بەڵام ئاماژەی پێنەكردووە ئەو قەرزە بۆ چی كراوە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكرد “بڕی ئەو زیادەیە لە ئەنجامی قەرزەكانی عێراق دێتە سەری 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، هاوكات قەرزەكانی عێراقیش لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەگاتە40 ملیار و700 ملیۆن دۆلار. بەڵام تاوەكو ئێستا باسی قەرزە ناوخۆییەكانی عێراق نەكراوە و نازاندرێت چەندە.