“محەمەد هاودیانی” وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم گفتوگۆیەی گۆڤاری ژووری “بازرگانیو پیشەسازی”دا تیشك دەخاتە سەر هۆكارەكانی بەرزبونەوەی رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستانو دەڵێت “بەشێكی زۆری پڕۆژەكان لەكار كەوتونو زۆربەی كۆمپانیاكان رێژەی كرێكارەكانیان كەم كردوەتەوە”.
بازرگانیو پیشەسازی: رۆژ بەرۆژ رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، ئێوە وەكو وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەلایەتی پلانتان چییە بۆ روبەڕوبونەوەی؟
هاودیانی: ئێمە كۆمەڵێك كارممان كردوە لەسەر دیاردەی بێكاری، یەكێك لەوانە ئەوەیە ئێستا سیاسەتی بەكارخستنمان گرتوەتەبەر لەگەڵا رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی بەردەوامین لەچۆنیەتی پراكتیزەكردنی ئەو سیاسەتە. یەكێك لەئەندامانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی بەبەردەوامی لەوەزارەتەكەی ئێمە كاردەكات، بۆ ئەوەی ئێمە كار بكەین لەو بوارانەدا كە پێویستە بۆ كرێكاران دابین بكرێت، بەتایبەتی راهێنان لەسەر چۆنیەتی كاركردنو دۆزینەوەی كارو هەروەها گرنگیدان بەبواری ئابوری لەهەرێمی كوردستاندا. جگە لەوە، ئێمە پڕۆژەی گەنجانی پشتگوێخراومان هەیە كە ئێستا كاری لەسەر دەكەینو بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن لەبواری دیاریكراودا كاری خۆیان بكەن. هەروەها ئێمە پڕۆژەی قەرزی بچوكمان بەردەوامەو راماننەگرتوە سەڕەرای ئەم قەیرانە داراییەش بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن كار بۆ خۆیان دابین بكەنو پڕِۆژە پێشكەش بكەنو بەردەوام ببنە خاوەنكارو بژێویی خۆیان مسۆگەر بكەن.
بازرگانیو پیشەسازی: لەڕووی تەمەنو رەگەزەوە بێكاریی زیاتر كێی گرتوەتەوە؟
هاودیانی: لەبەرئەوەی تا ئێستا ئامارێك نەكراوە، ئەوە دیارینەكراوە كە ئەوانەی بێكارن لەڕووی تەمەنو رەگەزەوە كامانەن، بەڵام پڕۆژەكانی ئێمە لەبواری قەرزی بچوك بەپێی ئەو تۆژینەوانەی كردومانە، بەپێی ئەو یارمەتیانەی لەوەزارەتی ئێمە كراون، زیاتر پشتیوانی ژنانو ئافرەتان كراوە، هەرچەندە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ئەوان زۆربەیان بێكار بن، هۆكارەكەی ئەوەیە زیاتر ئەوان بەدوای ئەو كارانەدا دەگەڕێن كە وەزارەتی ئێمە بایەخیان پێدەدات بەتایبەتی سوودمەندانی چاودێری خێزان، رێنماییەكانی ئێمە گرنگی زیاتر دەدات بەو ئافرەتانەی كە هاوسەرەكەیان لەدەستداوە. بۆیە بەپێی پڕۆژەكانی ئێمە بەشێكی زۆری ئافرەتن.
بازرگانیو پیشەسازی: واتە ئێوە هیچ ئامارێكتان لەبەردەستدا نییە دەربارەی رێژەی بێكاری؟
هاودیانی: نەخێر، هیچ ئامارێك لەدوای 2013ەوە تا ئێستا دەربارەی رێژەی بێكاری نەكراوە لەهەرێمی كوردستان. ئێمە لەمبارەوە قسەمان كردووە لەگەڵا وەزارەتی پلاندانان، بەڵام ئەوانیش تا ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە هیچ ئامارێكی تازە پێشكەش بكەن.
بازرگانیو پیشەسازی: بەپێی ئامارەكانی 2013 رێژەی بێكاری لەكوردستان چەند بووە؟
هاودیانی: بەپێی ئاماری 2013 رێژەی بێكاری 5,5% بووە لەهەرێمی كوردستان.
بازرگانیو پیشەسازی: ئایا ئەم رێژەیە گوزارشت لەواقیعی رێژەی بێكاری دەكات لەهەرێمی كوردستان؟
هاودیانی: ئەم رێژەیە پێش ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بكەوێتە قەیرانی داراییەوە، بەڵام دوای ئەوەی كەوتوەتە نێو قەیرانی داراییەوە بەدڵنیایی رێژەی بێكاری زیاد بووە، ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە بوونی زیاتر لەدوو ملیۆن ئاوارە لەهەرێمی كوردستانو بوونی ئەو گوشارە داراییەی لەبەغداوە خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، وایكرد بەشێكی زۆری پڕۆژەكان لەكار بكەون، بەتایبەتی پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت، كە زۆربەی كۆمپانیاكان رێژەی كرێكارەكانیان كەم كردوەتەوە. هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی رێژەی بێكاری بەرز بێتەوە بەتایبەتی كە دوای پێكهێنانی كابینەی هەشتەم هیچ پڕۆژەیەكی نوێ ئەنجامنەدراوە.
بازرگانیو پیشەسازی: جگە لەرێژەیەكی زۆری ئاوارە، ئێستا كرێكاری ئاسیایی لەزۆرێك لەكارگەو كۆمپانیاكانو لەئۆتێلو سۆپەرماركێتو مۆڵەكان كاردەكەن، بۆچی رێژەیەك دیارینەكراوە كە ئەم شوێنانە دەبێت پابەند بن بۆ بەكارهێنانی كرێكاری ناوخۆ؟
هاودیانی: ئێمە رێنمایی تازەشمان دەركردوە بۆ ئەو كرێكارانە بیانیانەی لەهەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، لەهەموو بوارەكاندا بەوانەی خزمەتگوزاری ماڵیشەوە، پێیانڕاگەیەندراوە كە دەبێت بە چ رێژەیەك كرێكار بهێنن، لیژنەیەكیشمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی بە چ رێژەیەك كۆمپانیاكان مافی بەكارهێنانی كرێكاری بیانییان هەبێت، بەهاوكاری وەزارەتی ناوخۆ خەریكی بەدواداچونی ئەمەین. جگە لەوەی ئەو رێژەیەی لەهەرێمی كوردستاندا لەڕێنماییەكانماندا دیارییمان كردوە كە دەبێت لەبەرامبەر هەر كرێكارێكی كارامەی بیانییدا دوو كرێكاری خۆماڵی بەكاربهێنرێت بۆ ئەوەی فێری كارەكەی بكاتو ئەزمونی لێوەربگرێت. باسی ئەوەشمان كردوە لەگەڵا وەزارەتی پلاندانان كە ئەو رێژەیەی پێویستمانە ئەوەندە كرێكار رێگە بدرێت بهێنرێتە هەرێمی كوردستانەوە، نەك بەشاڵاو بهێنرێتو هەركەسەو لەخۆیەوە كرێكار بهێنێتە هەرێمی كوردستان. جگە لەوەش مۆڵەتی مانەوەیان تەنها بۆ یەك ساڵا دەدرێت، دوای ئەوە دەبێت نوێی بكاتەوەو رەزامەندی لەوەزارەتی ئێمە وەربگرێت، ئەمەش بەرێنمایی رێكمانخستووە كە هەڵاوسان لەهەرێمی كوردستان دروست نەبێت، هێندەی پێویستی خۆمان كرێكار بهێنرێتە هەرێمی كوردستان.
بازرگانیو پیشەسازی: ئایا ئەم رێوشوێنانەی ئاماژەت پێدا تا چەند دەتوانێت كاریگەر بێت لەوەی رێژەی بێكاری كەم بكاتەوە؟
هاودیانی: ئەمە بۆ ئەم قۆناغە تا رادەیەك باشە، بەڵام دەبێت بواری وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان فراوان بكەین، تا بتوانین كەرتی تایبەت ببوژێنینەوە، بەوە هەلی كار زیاتر دەڕەخسێنرێت. جگە لەوە كۆمەڵێك كۆمپانیا هەن ئێستا كار دەكەن لەسەر رەخساندنی هەلی كار بەمەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان.
بازرگانیو پیشەسازی: تا چەند گەشبینیت بەرامبەر بەئایندەی كارو كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان؟
هاودیانی: دوو هۆكاری سەرەكی هەن وایان كردووە رێژەی بێكاری زیادیان كردووە، تا ئارامیو ئاسایش لەكوردستان زیاتر بەرجەستەبێت، وەبەرهێنان زیاتر دەكرێتو كەرتی تایبەتیش زیاتر دەبوژێتەوەو ئابوری گەشە دەكات، بەم شێوەیە رێژەی بێكاری كەمتر دەبێتو خەڵكێكی زۆرتر دەكەونە سەر كار. پێویستە كوردستان بایەخێكی زۆرتریش بدات بەكەرتی تایبەتو سندوقی خانەنشین كردنو سندوقی دڵنیایی، بۆ ئەوەی ئەو كرێكارەی لەكەرتی تایبەتدا كار دەكات دڵنیا بێت كە پاشەڕۆژێكی هەیە، لەمبارەوە ئێمە پڕۆژەیەكمان هەیە بۆ ئەوەی كە چۆن ئەم سندوقە كارا بكەین. خاڵی دووەم، پەیوەندی راستەوخۆی بەهەلومەرجی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، كە كاریگەری لەسەر هەلومەرجی ئابوری هەیە. هیواو متمانەوەمان هەیە كە لەداهاتودا بەسەر ئەم قەیرانانەدا سەردەكەوینو ئایندەیەكی گەشمان دەبێت.