بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی ئۆكسفامی بەریتانی سامانی (1%)ی دەوڵەمەندەكانی جیهان زیاترە لە سامانی كۆی دانیشتوانی جیهان و راپۆرتەكە ئاشكراشیكردوە سامانی (62) دەوڵەمەندی جیهان یەكسانە بە سامانی نیوەی هەژارەكانی جیهان.
رێكخراوی ئۆكسفامی بەریتانی كە رێكخراوێكی ناحكومییە، لە راپۆرتێكدا كە پشتی بەستوە بە توێژینەوەیەكی كۆمپانیای كریدی سویسری، زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو جیاوازییە گەورەیە ئاشكرا دەكات كە لە نێوان سامانی دەوڵەمەند و هەژارانی جیهاندا هەیە، ئۆكسفام لە راپۆرتەكەیدا كە پێش بەڕێوەچونی مونتەدای داڤۆس كەوتوە داوا لە سەركردەكانی جیهان دەكات رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ روبەڕوبونەوەی نایەكسانی لە سامانی جیهاندا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، سامانی (62) دەوڵەمەندترین كەسی جیهان یەكسانە بەنیوەی سامانی نیوەی هەژارەكانی جیهان، ئەوەش كەڵەكەبونی سامانی جیهان لە لای كۆمەڵێكی بچوك دەردەخات.
بەپێی راپۆرتەكەی ئۆكسفام، لەبری دامەزراندنی ئابورییەك بۆ گەشەپێدانی دانیشتوانی جیهان بە گشتی و نەوەكانی داهاتو، ئابورییەك خوڵقێنراوە كە سامانی جیهان لەسەدا یەكی دانیشتواندا كۆببێتەوە.
ئامارەكانی رێكخراوەكە دەریدەخەن، سامانی لەسەدا یەكی دەوڵەمەندەكانی جیهان لە نێوان ساڵانی (2000) بۆ (2009) دابەزیوە، بەڵام دواتر بەشێوەی پلەبەند بەرزبوەتەوە و گەیشتۆتە ئاستێك سامانەكەیان زیاتر بێت لە سامانی كۆی دانیشتوانی جیهان.
رێكخراوی ئۆكسفامی بەریتانی داوای لەسەركردەكانی جیهان كردوە كار بكەن بۆ كەمكردنەوەی ئەو جیاوازییەی لە نێوان كاركردن و كرێی كاركردندا هەیە، هەروەك ئەو جیاوازییەش كەم بكرێتەوە كە لەنێوان كرێی پیاوان و ژناندا هەیە.
داواشی كردوە، رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی نرخی دەرمان و سەپاندنی باج بەسەر سامانی دەوڵەمەندەكان و بەكارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ نەهێشتنی جیاوازییەكان.
بە پێی توێژینەوەیەكی گۆڤاری فۆرین پۆڵسی، سامانی هەزار و (826) ملیاردێری جیهان كە (196) كەسیان ژنن بۆ ساڵی (2015) دەگاتە حەوت حەوت ترلیۆن و (500) ملیۆن دۆلار و بیل گەیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بۆ دوەم ساڵ لەسەر یەك دەوڵەمەندترین كەسی جیهانه و سامانەكەی گەیشتوەتە (79) ملیار و (200) ملیۆن دۆلار.