گۆڕانكاری لە پێكهاتەی لیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانیدا دەكرێت

 
گۆڕانكاری گەورە لە پێكهاتەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا دەكرێت و ژمارەی لیژنەكان لە 18 لیژنەوە بۆ 9 لیژنە كەمدەكرێتەوە و قائیمقامی سلێمانیش رایدەگەیەنێت مەبەست لێی بۆ دووبارە رێكخستنەوەی كار و چالاكییەكانی لیژنەكانە.

بەختیار عەبدولڕەحمان قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەهاوبەشەكاندا چەند گۆڕانكارییەكی لە پێكهاتەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد بڕیاریانداوە گۆڕانكاری لە جۆر و پێكهاتەی لیژنەكاندا بكرێت و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گشتی جارێكی تر رێكبخرێنەوە.

قائیمقامی سلێمانی ووتیشی “ژمارەی لیژنەكان لە 18 لیژنەوە بۆ 9 لیژنە كەمدەكرێتەوە و هەندێك لە لیژنەكان تەنها كاریان چاودێری كردن دەبێت و دەسەڵاتی (سزادانیان) نابێت جگە لە چەند لیژنەیەك كە ئەو دەسەڵاتەیان پێ دراوە.

راشیگەیاند مەبەست لەو گۆڕانكاریانە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی شێوازی كاركردن  و چالاكییەكانی لیژنەهاوبەشەكانە.

پاش هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان چەند گۆڕانكاریەك لە پێكهاتەی لیژنەكاندا پەسەند كران و پێكهاتەی نوێی لیژنەكان بەم جۆرە راگەیەندرا .
 
1-   لیژنەكانی ( نانەواخانە و دایەنگا و سواڵكردن و ژینگە و بیناسازی و بەدواداچوون و كۆگاكان و لەناوبردن(تەلەف) سەربەلیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتی سلێمانی  نامێنێت و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكانی خۆیان .
2-  لیژنەی (1، 2، 3، 4) دەكرێت بەلیژنەی چاودێری بەسەر ئیش و كاری بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكان.
3-  لیژنەكانی (عەلوە و سووتەمەنی و موەلیدەكان و بەنزینخانەكان و كارگەی غازەكان وەك خۆیان دەمێننەوە .
4-  لیژنەی زیادەڕوی زیاد دەكرێت بۆ لیژنەكان تەنها بۆ ڕۆژانەكەیان و هیچ پەیوەندییەكیان بە لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتەوە نابێت.
5- لیژنەكان هەر (3) مانگ جارێك گۆرانكاری بەسەردا دێت .
6-  شوێنی دەرچونی لیژنەكان لەقائمقامیەتەوە دەبێت ، بەپێی پێویست ئەبێت لەكاتەكانی بەیانیان ، دوای نیوەڕوان و شەوان .
7-  لیژنە چاودێرییەكان پێویستە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەكانیان ئاڕاستەی قائمقام بكەن و پێویستە ئیمزای سەرۆكی لیژنەو سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی لەسەر بێت.
لیژنەی سووتەمەنی ئەندامێكیان دەبێت لەلیژنەی باڵادا.