دوای ئەوەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێرانو وڵاتانی 5+1 چوە بواری جێبەجێكردن، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ئەو سزایانەی لەسەر ئێران هەڵگرت كە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە بەسەریدا سەپێندرابون.
رۆژی شەممە ویلایەتە یەكگرتوەكان ئەو سزایانەی هەڵگرت كە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە بەسەر ئێراندا سەپاندبوی، ئەمەش هاوكات بو لەگەڵ جێبەجێكردنی بەندەكانی رێكەوتنە ئەتۆمییەكە.
بەڵام ئەمە ئەو سزایانە ناگرێتەوە كە واشنتۆن لەدژی تاران دەریكردونو تێیدا ئێران وەك “دەوڵەتێكی پاڵپشتیكەر لە تیرۆر”و “ئیدارەدانی بەرنامەی موشەكی بالیستی” تۆمەتباركراوە.
ئەمە كورتەیەكە لەو سزایانەی كە بەپێی یاسای ئەمەریكی لەسەر ئێران هەڵگیراون.
-پێنج ملیار دۆلار لە رێگەدایە بۆناو خەزێنەی ئێران
هەڵگرتنی سزاكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئەو پارە زۆرانەی كە پێشتر لە بانكەكانی خۆرئاوا بلۆك كراون، لێپرسراوانی ئەمەریكی بڕی پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە دەرەوە بە (50 ملیار) دۆلار دەخەمڵێنن دوای ئەوەی ئێران قەرزەكانی لێداونەتەوە.
-فرۆِكەو كافیارو فەرش
هەڵگرتنی سزاكان بە واتای ئەوە نایە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بەشێوەیەكی خێراو كتوپڕ دەتوانن ئازادانە لە ئێران بازرگانی بكەن، بەڵام سێ كەرت لەبەردەم ئەمەریكییەكام دەكرێتەوە، كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەتوانن فڕۆكەی بازرگانیو پارچەی كەشتیگەل بە ئێران بفرۆشن بەمەرجێك ئەو كەلوپەلانە بۆ گواستنەوەی سەربازی یان هەر كارێكی یاساغكراوی تر بەكارنەهێنرێن وەك ئەوەی لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا ئاماژەی بۆكراوە.
هەروەها كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كە بارەگایان لە دەرەوەیە دەتوانن بازرگانی لەگەڵ ئێران بكەن، وەبەرهێنەرانی ئێرانیش دەتوانن هەندێك كەلوپەلی وەك (فەرشو خواردنی وەك كافیارو فستق) هەناردەی ئەمەریكا بكەن.
-سڕینەوەی ناوەی 400 كەس لە لیستی رەشدا
سەرباری ئەمانە، واشنتۆن ناوی 400 كەسی (خەڵكو كۆمپانیاو قەوارە) لە لیستی رەشدا سڕییەوە كە تۆمەتبارن بە پێشێلكردنی یاساكانی ئەمەریكا سەبارەت بەو سزایانەی كە تایبەتن بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە.
-سزاكانی تر
هەندێك سزای تر هەن كە ئەمەریكا سەپاندویەتی بەسەر ئێراندو زۆر دیار نین، ئەوانەش هەڵدەوەشێنەوە كە چەند كەرتێك دەگرنەوەو ئەمانەن:
– كەرتی بانكەكانو دارایی، لەنێویاندا مامەڵكردن لەگەڵ بانكی ناوەندی ئێران.
– كەرتی بیمە.
– كەرتی نەوتو غازو پترۆكیما.
– كەرتی گواستنەوەی دەریاییو بەندەرەكان.
– بازرگانی ئاڵتونو كانزا بەنرخەكانی تر.
– كەرتی ئەلەمنیۆمو كانزاو خەڵوزی بەردین، بەمەرجێك تایبەت نەبن بە توێژینەوە لە بواری ناوەكی كە بەپێی رێكەوتنە ئەتۆمییەكە یاساغ كراون.
-كەرتی ئۆتۆمبیل
– هەمو كارێكی ئاڵوگۆڕكردن لەو كەرتانەی كە پێشتر باسكران.