دەمیرتاش: لە باشوور دەوڵەتمان ھەیە

لە شاری سیدنی ئوستورالیا، بۆپشتیوانیکردنی بەدەپە بەرنامەیەک ڕێکخرا، بەبەشداری نوێنەرانی پارتی لیبڕاڵ وپارتی کرێکارانی ئوستورالیاو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەو پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران،کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی ڕۆژئاوای کوردستان و چەند کۆمەڵەو رێکخراوێکی دیکە.
لە بەرنامەکەدا ھاوسەرۆکی گشتی (BDP) سەڵاحەدین دەمیرتاش وتەیەکی پێشکەشکردو ڕایگەیاند: “ئەو ئۆپراسیۆنانەی لەژێر ناوی”kck” دەکرێت ئامانجی یەکەمی”قڕکردنی سیاسیە”.
دەمیرتاش وتیشی: “پێشتر بەداخستنی پارتەکەی دەیانویست دەنگی گەلی کورد ببڕن، بەڵام ئەمجارە بەگرتنی ئەندامانی پەرلەمان و ڕۆژنامەوانان و پارێزەران و سیاسەتمەداران دەیانەوێت ئامانجەکە بپێکن، ھەوڵەکان بۆلێسەندنەوەی حەسانەی پەرلەمانتارانیش لەو چوارچێوەیەدایە، با حەسانەی پەرلەمانتاران نەمێنێت، لە پەرلەمان (٨٥٠) داخوازنامەی لابردنی حەسانە ھەیە، (٧٥٠) یان لەدژی ئێمەن، ئێمەش دەلێین با حەسانە لە ھەمومان بسەننەوە، ئێمە لەبەردەم دادگا بەرگری لە خۆمان دەکەین، ئایا ئەوانیش دەتوانن خۆیان بپارێزن؟، ئایا دەتوانن بڵێن دزیمان کردووەو جارێکی تر دەیکەین؟.
ئەوەشی خستەڕوو: “لە باشوور دەوڵەتمان ھەیە، لە ڕۆژئاوای کوردستان گەل خۆی بەڕێوەدەبات، لە رۆژھەڵاتی کوردستان یش ھیوادارم کە لە ماوەیەکی نزیکدا دروستببێت، یەکێتیمان لە ھەرشتێک گرنگترە، بە فشارو لابردنی حەسانەی پەرلەمانتاران دەتوانن چ بکەن؟، یەکێتی کوردان لە ھەموو شتێک گرنگترە، ئەم سەدەیە سەدەی گەلی کوردە”.