بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە، لەپارێزگای هەولێر مۆڵەتی كاركردن لە 290 كۆمپانیا وەرگیراوەتەوە.
دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكیدا رایگەیاند “ئەو كۆمپانیایانەی مۆڵەتەكانیان لێ سەندراوەتەوە، زیاتر لە بواری بازرگانی گشتی كاریان كردووە.
لەبارەی كاریگەری قەیرانی دارایی هەرێم لەسەر كاری كۆمپانیاكان، بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد “ئەو قەیرانە داراییەی هەرێم كاریگەری هەبووە، چونكە لەلایەك بۆتە هۆی كەمكردنەوەی رێژەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورە چاوەڕوانی باشبوونی بارودۆخی دارایی هەرێم دەكەن تاوەكو ناویان تۆماربكرێت و دەست بەكاركردن بكەن”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاشكراشیكرد “”بەكۆی گشتی ئەو كۆمپانیایانەی مۆڵەتیان لێ سەندراوەتەوە 290 كۆمپانیا بوون”.
بەپێی ئامارەكان تائێستا لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 21 هەزار كۆمپانیای خۆماڵی و 23 هەزار كۆمپانیای بیانی تۆماركراون.
سەرچاوە: دوارۆژ