هاوڵاتیانى هەرێم متمانەیان بەدینارى عێراقى نەماوە

 
لەئێستادا ڕۆژانە و سات بەسات نرخى دۆلار بەرەو بەرز بونەوە دەڕوات و ئەندامێکى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت متمانەى هاووڵاتیان بە دینارى عێراقى نەماوە.
حەمید عەبدووڵا ئەندامى ئەنجوومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى و شارەزا لە بوارى دراودا ڕایگەیاند” لە ئێستادا نرخى 100 دۆلارى ئەمریکى گەشتۆتە 125 هەزار و 500 دینا کە بەردەوام ئەم نرخە لە بەرزبونەوە و نزمبونەوەدایە”
وتیشى” هۆکارى بەرزبونەوەى دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەحمەدى حاجى ڕەشید ئەندامى لیژنەى داراى و ئابورى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاندبوو نرخى 100 دۆلار دەبێت بە 200 هەزار دینار ئەمەش کاریگەرى کردۆتە سەر نرخى دینارى عێراقى کە بەهاکەى دابەزیوە چونکە ئەوکەسە نزیکە لە دەسەڵاتەوە وە  هۆشیار زێباریش وەک وەزیرى داراى عێراق ڕایگەیاندبوو کە ئابورى عێراقى بەخراپ ناوبردووە ئەمەش واى لەخەڵک کردووە پارەکانیان بکەن بە دۆلار”
ئەندامەکەى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى ئەوەشى ڕونکردەوە” کە بەرزبونەوەى نرخى دراو لە ئێستاشدا لە بەغداوەیە کە جاران لە سلێمانى و هەولێرەوە دەبوو چونکە ئێستا متمانەى خەڵک بە دینار نەماوە کڕینى دۆلار لەلایەن هاووڵاتیان زیادى کردووە وە بانکى مەرکەزیش ڕۆژانە تا ئێستا 170 ملێۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بۆیە متمانەى خەڵک خراپووە بەرامبەر بە دینارى عێراقى و خەڵک دۆلار دەکڕێت”