ژوورى بازرگانى سلێمانى و کاشان پرۆتۆکۆڵێک واژۆ دەکەن.

ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى و کاشان پرۆتۆکۆلى هاوکارى واژۆ دەکەن.
دوابەدواى واژۆکردنى پرۆتۆکۆلى هاوکارى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى لەگەڵ هەردوو ژوورى بازرگانى و پیشەسازى ئەێفەهان و پێشانگاى نێودەوڵەتى ئەێفەهان، ئەمڕۆ ڕێکەوتى 11/1/2016 لە درێژەى گەشتى شاندى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى بۆ شارى کاشان لە کاتژمێر 11:00 پێش نیوەڕۆ لە تەلارى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى کاشان لە لایەن محمود تولائی سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى کاشانەوە پێشوازى کران و دواى کۆبوونەوەیەک دوولایەنە پرۆتۆکۆلى هاوکارى و لێکتێگەیشتن لەنیوان هەردوو ژووردا واژۆ کرا.
سیروان محەمەد سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى ڕیگەیاند” ناوەڕۆکى پرۆتۆکۆلەکە هەردوو ژوور هاوکارى پێویست پێشکەش بە بازرگانانى ئەندام لە ژوورەکانیان دەکەن، هەردوولا بە بانگێشتى فەرمى یەکتر ئاگادار دەکەنەوە لەو پێشانگایانەى لە هەردوو شارى سلێمانى و کاشان دەکرێتەوە”
وتیشى” وەژوورى بازرگانى کاشان بۆ هەرپێشانگایەک کە لە ئێران دەکرێتەوە شاندێک لە ژوورى بازرگانى سلێمانى بانگێشت دەکات، وا بڕیاریشە لە ئایندەدا سەرۆکى ژوورى بازرگانى کاشان سەردانى سلێمانى بکات”
جێ ى ئاماژەیە پارێزگاى کاشان بە گەورەترین شارى بەرهەم هێنانى فەرش دادەنرێت لە ئێرانداو زیاتر لە 70% کارگەکانى دروستکردنى فەرش دەکەوێتە ئەم پارێزگایەوە کە ژمارەیان 1400 کارگەیە،  فەرشى کاشان ناوبانگێکى جیهانى هەیەو ساڵانە ڕێژەیەکى زۆرى بەرهەمەکانیان هەناردەى وڵاتانى جیهان دەکەن، هەروەها ئەم شارە یەکێکە لە شارە مێژوویەکانى ئێران و چەندین شوێنەوارى دێرینى لێە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ حەوت سەدە پێش زاین، لەگەڵ شوێنەوارى میر اکبر ى قاجارو بیناى عباسیان و تەباتەباییان و بروجردیان، ئەمەش واى کردووە ساڵانە ژمارەیەکى زۆر بیانى سەردانى ئەم شارە بکەن.