شاندى بازرگانى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى سەردانى شارى ئەسفەهانى ئێرانیان کردوو لە لایەن ژوورى بازرگانى ئەسفەهانەوە پێشوازیان لێکرا، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بیناى پێشانگاى ئەسفەهانی نێودەوڵەتى لەگەڵ عبدالرسول محققیان بەڕێوەبەرى گشتى پێشانگاو مهدى لگیفى بەرپرسى دەرەوەى پێشانگاى ئەسفەهان ئەنجامدرا ، باسى پتەوکردنى پەیوەندى هەردوولا کرا.
سیروان محەمەد سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى ڕایگەیاند داوامانکرد کە کۆمپانیاى بەڕێوەبردنى پێشانگاى نێودەوڵەتى ئەسفەهان سەردانى سلێمانى بکەن بە مەبەستى کردنەوەى پێشانگاى تایبەت بەکاڵاکانى کۆمپانیاکانیان و کردنەوەى پێشانگاى نێودەوڵەتى.
لە بەرامبەریشدا خۆشحاڵیان دەربڕى بۆ ئەم پێشنیارەو بڕیاریاندا لە ئایندەیەکى نزیکدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پێشانگاو ستافێک لە پێشانگانى نێودەوڵەتى ئەسفەهان سەردانى شارى سلێمانى و بیناى پێشانگاى نێودەوڵەتى بکەن بە مەبەستى زەمینە سازى بۆ کردنەوەى پێشانگاکانیان لە شارى سلێمانى.
جێى ئاماژەیە شارى ئەسفەهان یەکێکە لە گرنگترین شارە پیشەسازییەکانى ئێران و یەکێکە لە شارە مێژوویەکانى ئەو وڵاتەو پایتەختى عباسییەکان بووە لە ڕابردوودا، ئەم شارە خاوەنى بیناى پێشانگاى نێودەوڵەتییە بە ڕووبەى 220.000م2 و ساڵانە 40پێشانگاى ناوخۆیی و 15 پێشانگاى نێودەوڵەتى تێدا دەکرێتەوە.