دەستەی ژینگەی ھەرێم بەبڕی ٣١٤ ملیۆن دینار ٤٤ پڕۆژەی سزاداوە

دەستەی ژینگە بەبری ٣١٤ ملیۆن دینار، ٤٤ پرۆژەی بەھۆی جێبەجێ نەکردنی رێنمایەکان غەرامە کردووە. بەرێوبەری کارگێری و دارایی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا، رایگەیاند: بەبری ٣١٤ ملیۆن دینار ٤٤ پرۆژە لە ھەرێمی کوردستان غەرامەکراون دوای ئەوەی رێنمایە ژینگەیەکانیان جێبەجێ نەکردووە کە زۆرترینیان کارگەی چیمەنتۆو پاڵاوگەی نەوت بوون.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەمرۆ ٢-١٢-٢٠١٢ کە لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێم بۆ ھەریەکە لە عەبدولرەزاق خەیلانی بەرێوەبەری فەرمانگەی ھونەری و سەلام عومەر بەرێوەبەری فەرمانگەی کارگێری و دارایی بەرێوەچوو، تیایدا تیشکیان خستەسەر ئەو پرۆژانەی کە لە ماوەی ٤ مانگ دا سزدراون.
سەرەتا عەبدولرەزاق خەیلانی بەرێوەبەری فەرمانگەی ھونەری رایگەیاند: “بەھۆی جێبەجێنەکردنی رێنمایە ژینگەیەکان لە پرۆژەکان دا لە کاتی جێبەجێکردنیان دا تیمەکانی ژینگە رێنماییان پێداون و سەرپێچیان کردووەو غەرامەکراون، بەڵام تائیستا غەرامەکانیان نەداوە.
عەبدولرەزاق خەیلانی وتیشی: “غەرامەکان دەچێتە سندوقی پاراستنی ژینگەوە کە لە دوای دا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ژینگەی ھەرێم کە نوێنەری ١٤ وەزارەتی تێدایەو سەرۆکی دەستە سەرۆکایەتی دەکات رێوشوێنی خەرج کردنی بۆ دیاری دەکرێت، راشیگەیاند: “بەپێی فەرمانی سەرۆکی دەستە ئەو شوێنانەی کە ھۆکار دەبن بۆ پیس کردنی ژینگەو خراپ کردنی ماوەی ٣ رۆژ تا ٩٠ رۆژ رادەگیرێن و لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان ئەوا مۆڵەتی ژینگەیی لێ وەردەگیرێتەوە، بۆ ئەمەش جیاوازی لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ناکرێت چونکە ئەو شوێنانەی کە سزدراون نەخۆشخانەی حکومیشی تێدایە.
لە بەشێکی تری کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سەلام عومەر بەرێوەبەری فەرمانگەی کارگێری و دارایی ئاشکرای کرد کە ٤٤ پرۆژی جیاواز کە رێنمایەکانیان جێبەجێنەکردووە، ھۆکاری پیسبوون و خراپبوونی ژینگەبوون بەبری ٣١٤ ملیۆن غەرامەکراون لە ماوەی مانگی نیسان تا ٢ی ئابی ئەمساڵ، وتیشی: داوا لەسەرجەم ئەو شوێنانە دەکەین ٣١-١٢-٢٠١٢ دوا مۆڵەت بۆ دانی غەرامەکان لە حاڵەتی نەدانی غەرامەکان ئەوا دوو ھێند دەبێتەوەو دەگاتە حاڵەتی مۆڵەت لێ وەرگرتنەوەش.
سەلام عومەر بەرێوەبەری فەرمانگەی کارگێری و دارایی ئەوەشی ئاشکرا کرد ئەو ٤٤ پرۆژەیە لە شارەکانی ھەولێرو سلێمانی و دھۆک و ئیدارەی گەرمیان لەلایەن تیمەکانی ژینگەوە سزدراون.