تائێستا سنوری ئیبراهیم خەلیل نەكراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل بكرێتەوە، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆكیش رایدەگەیەنێت، تا ئێستا سنوری ئیبراهیم خەلیل نەكراوەتەوە.
 
ئەیاد حەسەن، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك بە سایتی ژووری بازرگانی راگەیاند، بڕیاردرابو ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی دووەم خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بكرێتەوە بەڵام تا ئێستا نەكراوەتەوە‌.
 
وتیشی، بڕیارەكە ئەوەیە خاڵە سنورییەكە بكرێتەوە و ئەگەر هیچ كێشەیەك روینەدا ئەوا بەئاسانی هاتوچۆ دەكرێت، بەڵام ئەگەر لە ناوچەكانی باكوری كوردستان خۆپیشاندان و وەستانی هاتوچۆ رابگەیەندرێت ئەگەر هەیە جارێكی تر سنورەكە دابخرێتەوە.
 
ماوەی ٢٢ رۆژە بەهۆی بارگرژییەكانی شار و ناوچەكانی باكوری كوردستان سنوری ئیبراهیم خەلیل داخراوە و بەهۆیەوە هەزاران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گیریان خواردووە و زیانێكی زۆری مادیش بەر سنوری نێوان هەردولا كەوتووە.
 
پێشتر بولەنت توفەنگچی، وەزیری گومرگ و بازرگانی توركیا رایگەیاند، (ئەمڕۆ) دەروازەی سنوریی خاپور دەكرێتەوە و لە یەكەم قۆناغیشدا رۆژانە نزیكەی ٥٠٠ ئۆتۆمبێل لە توركیاوە دەچنە عێراق و لە دیوی عێراقیشەوە ٧٥٠ ئۆتۆمبێل دەچنە توركیا.