هاوینی داهاتوو کێشه‌یه‌کی تر ڕوو له‌ سلێمانی ده‌کات

دکتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ھه‌وڵه‌کانیان بۆ دابینکردنی سووته‌مه‌نی پێویست بۆ پارێزگه‌که‌ له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند:  دابه‌شکردنی نه‌وت به‌ پسوڵه‌ی ژماره‌ 24  له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌ستیپێکردووه‌، ئه‌و شوێنانه‌ش که‌تائێستا نه‌وتیان بۆ نه‌چووه‌ نه‌وته‌که‌یان بۆ ده‌نێرن.

پارێزگاری سلێمانی   ڕایده‌گه‌یه‌نێت:”ھاوینی داھاتوو سلێمانی بێ ئاو ده‌بێت” و په‌یامێکیش ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت ده‌کات.
وتیشی:”به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ دوو ساڵی ڕابردوودا به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت و به‌نزین بۆشاری سلێمانی به‌رێژه‌یه‌کی به‌رچاو که‌مبۆته‌وه‌، ته‌نھا به‌رێژه‌ی له‌(40%)بۆ سنوری شاره‌که‌ ھێنراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیومانه‌ نه‌وت به‌سه‌ر ئاسایش ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ په‌روه‌رده‌ و ئاواره‌کاندا دابه‌شبکه‌ین.”

دکتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون باسیله‌وه‌شکرد، 228خێزانی که‌سوکاری شه‌ھیدان نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ھه‌ر بۆ ئه‌مساڵ بڕی به‌رمیلێک نه‌وت بۆ ئاواره‌کانی ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم دابینده‌که‌ن و ھه‌وڵده‌ده‌ن به‌زووترین کات بۆیان بنێرن.

له‌باره‌ی ھه‌رزانکردنی نرخی به‌نزین وتیشی: ئه‌وان له‌ساڵی رابردوو توانیان نرخی لیترێک به‌نزین بۆ 600دینار دابه‌زێنن، له‌ھه‌وڵیشدان بۆئه‌وه‌ی ئه‌و نرخه‌ که‌متر بکه‌نه‌وه‌، به‌ دابه‌زاندنی ئه‌و نرخه‌ش داھاتێکی زۆر بۆ ھاوڵاتیان ده‌گه‌رێنرێته‌وه‌، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ کوالێتی به‌نزین به‌رزکراوه‌ته‌وه‌ و کێشه‌ی ئۆکتانی به‌نزین نه‌ماوه‌.
 
پارێزگاری سلێمانی له‌باره‌ی پرسی کاره‌باو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ئاشکرایکرد:”ھه‌رێمی کوردستان جگه‌له‌ قه‌یرانی سیاسی و دارایی له‌قه‌یرانێکی تری زۆر قورسدایه‌ ئه‌ویش قه‌یرانی کاره‌بایه‌، چونکه‌ وێستگه‌کانی به‌رھه‌مھێنانی  کاره‌با له‌ئێستادا توانای به‌رھه‌م ھێنانی دوو ھه‌زار مێگاوات کاره‌بایان ھه‌یه‌، له‌کاتێکدا ته‌نھا پارێزگای سلێمانی پێویستی به‌ ھه‌زارو 800 مێگاوات کاره‌با ھه‌یه‌، نزیکه‌ی 700 مێگاوات ده‌گاته‌ سلێمانی.
 

ده‌شڵێت:”ئه‌وکاره‌بایه‌ی ده‌گاته‌ سلێمانی 700 مێگاوات کاره‌بایه‌، بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌ی مووچه‌ نه‌مان روخێنێت ئه‌وا کاره‌با ده‌مانروخێنێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئاو و کاره‌با بدرێته‌ پارێزگاکان و له‌لایه‌ن که‌رتی تایبه‌ت به‌رێوه‌ ببرێن، ئه‌گه‌رنا کێشه‌کان زیاترده‌بن”.
د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون په‌یامێکی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی ھه‌رێم کرد، به‌وه‌ی باوازیان لێبێنن و خۆیان قه‌یرانی کاره‌باو ئاو چارسه‌ر بکه‌ن،”ئه‌گه‌ر حکومه‌ت له‌و بێخه‌مییه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا بۆ ھاوینی داھاتوو قه‌یرای بێ ئاوی ڕوو له‌شاری سلێمانی ده‌کات و  سلێمانی بێ ئاو ده‌بێت”.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات که‌ پارێزگاری سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌ به‌ری به‌شێک له‌ فه‌امانگه‌ په‌یهوه‌ندی داره‌کان کۆبۆوه‌ که‌ سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیش تیایدا ئاماده‌بوو