سوریا.. (١٦١) کەس دەکوژرێن و لە داھاتوویەکی نزیکدا حکومەتێکی کاتی رادەگەیەنرێت

چالاکوانانی سوریا ڕایانگەیاند دوێنێ شەممە ١-١٢، چەند تەقینەوەیەک لە نزیک ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتیی دیمەشق ڕوویداوەو بە ھۆیەوە ئاگرێک کەوتۆتەوەو زیانی بە ھێڵەکانی کارەبای فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکرد بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکەو تۆپخانەکانی سوپای سوریاوە بۆ سەر شارو شارۆچکەکان (١٦١) کەس کوژران و دەیانی تریش بریندار بوون، ھاوکات بڵاویشیان کردەوە کە چەکدارەکانی سوپای ئازاد دوێنێ لە شارەکانی ئدلب و حەما و ڕیف دیمەشق، (٣) فڕۆکەی جەنگیی حکومەتی دیمەشق-یان  خستۆتە خوارەوە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە ھاوپەیمانی نیشتمانیی سوریا دوپاتیکردەوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا حکومەتێکی کاتی رائەگەیەنێ کە (٨) بۆ (١٠) وەزیر لە خۆ دەگرێت، ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە ھاوپەیمانی نیشتمانیی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ھەر پێشنیارێک سەبارەت بە جێگیرکردنی ھێزی ئاشتیپارێز لە سوریا بە مەرجێک بەشار ئەسەد واز لە دەسەڵات بھێنێت.