لیژنەی هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە ناوەندی شارەكەو بەهۆی ئەوەی قوماریان تێدا دەكرا سێ گازینۆیان داخست.
هاوڕێ حەمەئەمین سەرۆكی لیژنەی دوو لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەلێدوانێكیدا رایگەیاند: بەهۆی سەرپێچییان لە یاسا و ڕێنمایی كاركردن، سێ گازینۆ لە گەڕەكەكانی كانێسكان و مەڵكەندی و سەرای سلێمانی داخران كە بەشێوەیەكی نایاسایی دوور لە ڕێنمایی كاركردن قۆماری تێدا دەكرا، بۆیە بەپێی مادەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی ئەو شوێنانە داخران و خاوەنەكانیان ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە. وتیشی: تا ئەوكاتەی دادگا بڕیار دەدات، ئەو شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە.
سەرۆكی لیژنەكە ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەوان لە پێناو ڕێگەگرتن لە كێشە كۆمەڵاتیەكان بەردەوام چاودێری ئەو شوێنانە دەكەن كە گەنجان بۆ كات بەسەر بردن ڕووی تێ دەكەن، ئاماژەی بەوەشكرد كە لیژنەكان تا ئێستاش بەهۆی قوماركردنەوە چەندین شوێنیان داخستووە.