وێڕای سوپاس و پیزانینی ژوریی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ ئیدارەی سلێمانی بۆ بەدەنگەوەهاتن و پشتگیرییان لە رێکخستنی بازاڕ و دابەزاندنی نرخ و چاودیری کوالێتی کە هەمیشە هاوکارمان بوون، بەنزین وەک نمونەیەک دەهێنینەوە کەلەپارێزگای سلێمانی لەگشت پارێزگاکانی تری کوردستان هەرزانترو کوالێتی بەرزترە وە هیوادارین بتوانین بەردەوامی بدەین بەم جۆرە کێبرکێیە وە هەنگاوی باشتر بنێین لە زۆر بواری تر بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی ژوری بازرگانی کەلە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩٣ لە بڕگەی ٣ لە بەندی ٢ دا پیی دراوە.
هەروەها لە چاوپیکەوتنێکی سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیدا کەلەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە ئەنجامیداوە تیایدا خوازیارە کەبتوانین نرخ بەرەو دابەزینی زیاتر ببەین نەک تەنها لە سوتەمەنیدا بەڵکو لەزۆر کاڵای تردا.
ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:
سەرۆکی ژوری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی: رێکخستنی بازرگانی ئیشی ئێمەیە نەک حکومەت
سەرۆکی ژوری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە رێکخستنی کاری بازرگانی ئەرکو کاری ئێمەیە نەک حکومەت، ئەو دەڵێت “هەر کەس نرخی بەنزین لەخوار 600 دینارەوە بفرۆشێت سوپاسی دەکەین”.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەئاوێنەی راگەیاند کە دوای ئەوەی بازرگانەکان هاوردەی بەنزینیان کرد بۆ سلێمانی ئەوانیش وەکو ژووری بازرگانیو پیشەسازی هەوڵمانداوە کاری بەنزینخانەکانو ئیشوکاری ئەو کەسانەش کە بەنزین هاوردە دەکەن رێکبخەنەوە.
ئەو وتی “ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە پێیانبڵێین جۆری باشی بەنزین بهێننو هاوکاری هاوڵاتییانیش بکەن لەنرخەکەیدا”.
وتیشی “خۆشبەختانە بازرگانەکان بەدەنگمانەوە هاتن و چەند کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا لەگەڵ بەرێزیاندا و دوای گفتوگۆیەکی زۆر بڕیاریاندا نرخی بەنزین بکەن بە (600) دینار، هەر بازرگانێکی تریش کە بتوانێت لەو نرخە بەکەمتر بەنزین بفرۆشێت ئێمە سوپاسی دەکەین”.
سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات ئەرکی حکومەتیشە چاودێریەکی باشی کوالێت و جۆری ئەو بەنزینە بکات کە هاوردەی هەرێم دەکرێن، ئەو وتی “ئێمەش هەمو پشتگیریەکیان دەکەین، ئێمە ئاگادارین کە لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی وێرای ئەوەی سوپاسیان دەکەین ئەوان رۆژانە فەحسی بەنزینەکان دەکەن و ئەوەی کوالێت و جۆری باش نەبێت ئاگاداری دەکەن و سزای خۆی وەردەگرێت”.
وتیشی “ئەرکی ئێمەیە وەکو ژوری بازرگانی هەمو کاروبارەکانی پەیوەست بەبارزگانی رێک بخەینەوە وەکو چۆن کەرتەکانی خواردەمەنیمان رێکخستوەو لە دۆخە ناهەموارەکاندا کارمان بۆ ئەوە کردوە کالای زۆر بهێنن و نرخەکان دابەزێنن”.
سەبارەت بە ئەگەری دابەزاندنی زیاتری نرخی بەنزینیش، ناوبراو ئەوەی رونکردەوە کە ئەمە پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانی و بەرز و نزمی نرخی نەوتەوە هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان سوپاسی هەرکەسێک دەکەن کە لەژێر چاودێری حکومەتدا لە (600) کەمتریش بیفرۆشن.
سیروان محەمەد وتی “رەنگە حکومەت کلەیی و کازندەی هەبێت، بەڵام ئەوە ئیشی ئێمەیە وەک ژوری بازرگانی کە کاری خۆمان رێک بخەین، حکومەت دەڵێت بە (700) دینار بەڵام ئێمە کردومانە بە (600)دینار، رەنگە هەڵە لێکتێگەیشتنێک هەبێت بەوەی کە حکومەت وابزنێت ئێمە کە نرخی (600)مان داناوە ئیتر خەڵک ناتوانێت لەوە کەمتر بیفرۆشێت، بەڵام ئەمە وانیە ئێمە پێمان وتون نابێت لەو نرخە زیاتر بەنزین بفرۆشن و ئەوانیش بە ویستی خۆیان ئەو نرخەیان قبوڵ بوە”.
وتیشی “قایمقامیەتی سلێمانی باسی لەوە کردوە کە نرخ لای ژوری بازرگانی نیەو لای ئەوانە، من پێیان دەڵێم پەیڕەوی ناخۆی ئێمە کە بەیاسا دامەزراوە تێیدا هاتوە ئێمە دەتوانین کۆبونەوە لەگەڵ بازرگانەکان بکەین و کەرتەکان رێک بخەینەوە، رێکخستنی کەرتی بازرگانی ئیشی ئێمەیە نەک ئیشی دەوڵەت، ئەوە ئەکی سەرشانی خۆمانە و منەتیش ناکەین بەسەر کەسەوە”.