جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەكی بەرچاو لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ زیادیكردووەو سەرپەرشتیاری مەرزەكەش هۆكارەكەی بۆ داخستنی مەرزی ئیبراهیم خەلیل دەگێڕێتەوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا، خاڵی سنووری نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان داخراو كێشەی بۆ بازرگانان دروستكرد، كە زیانی ئابوریشی لێكەوتەوە، لەئێستایشدا بازرگانان ڕێڕەوی گواستنەوەی كاڵاكانیان بردۆتە سنوورەكانی ئێرانو بەتایبەتیش مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ.
سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، وتی “بۆ جێبەجێكردنی داواكاری ئەو بازرگانانەی كە كاڵاكانیان لەمەرزی ئیبراهیم خەلیل گیریان خواردووە، داوایان لێكردووینو ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنی ئێران قسەمان كردووە، ئەو بازرگانانەی كە كەلوپەلو شمەكەكانیان لەئیبراهیم خەلیلە، دەتوانن بیگوازنەوە بۆ ئێرانو لەرێی باشماخەوە بیهێننە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە ئێستا هیچ كێشەیەكیان نییەو بارەكانیان دێننە ئێرەو لەئێرانەوە هیچ كێشەیەكیان نییە”.
ئەزوەر مەحمود، وتیشی “بەو هۆیەوە جموجۆڵێكی زۆری بازرگانی بە باشماخەوە دیارەو سەبارەت بە ژمارەی بازرگانانیش لەبەرئەوەی رێژەكە رۆژانی گۆڕانی بەسەردادێت، بۆیە هیچ ئامارێكی وەهامان لەبەردەستدا نییە”.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، بەدواڕۆژی راگەیاند، پێشتر چەند جارێك ژمارەیەك لەبازرگانانی هەرێم، ئێمەیان ئاگاداركردۆتەوە بۆ ئەو كێشەیەی هەیانە، چونكە ئاماژەیان بەوە دەكرد كە نایانەوێت چەند رۆژێك بارەكانیان بمێنێتەوەو دەیانەوێت بیگوازینەوە بۆ مەرزەكانی پەروێزخانو باشماخو ئێمەش هاوكاریمان كردوون.
سەرچاوە: ماڵپەڕی دواڕۆژ
ز.ر