قائیمقامی سلێمانی ئاماری كارو چالاكی ئەمساڵی لیژنەكان بڵاودەكاتەوە

 
قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری كارو چالاكییەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی ساڵی 2015  بۆ رای گشتی بڵاو دەكاتەوە و قائیمقامی سلێمانیش رایدەگەیەنێت لەماوەی ئەمساڵدا 50 كۆبوونەوەی تایبەتمان سەبارەت بە چەند بابەتێكی پەیوەنیدار بە ژیانی هاوڵاتیان ئەنجامداوە.
 
ئەمرۆ 2 شەممە رێكەوتی 21-12-2015 لە دیوانی قائیمقامییەت بەختیار عبدالرحمن قائیمقامی سلێمانی ئاماری كارو چالاكی لیژنە هاوبەشەكانی خستە روو ، و رایگەیاند لەم ساڵدا لیژنەكان 29194 سەردانیان بۆ شوێنە گشتییەكان ئەنجامداوە و  لە كۆی ئەو سەردانانەشدا پسوڵەی سەرپێچی بۆ 2918 شوێن كراوە.
 
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد لیژنەكانیان بەوردی چاودێری هەموو ئەو شوێنانە دەكەن كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە هەیە و لەكاتی سەرپێچیشدا ئاگاداردەكرێنەوە تاوەكو پابەندی مەرج و رێنماییەكان ببن و راشیگەیاند لەم ساڵدا 298 شوێن ئاگاداركراونەتەوە و بەهۆی پابەندنەبوونەوە 136 شوێن داخراون و 18 شوێنیش رووبەرووی دادگا كراونەتەوە.
 
هەر لە گۆنگرەكەدا ئەوەشی خستەروو  بری 372 تۆن و 598 كیلۆگرام كەلو پەل و مەوادی خراپبوو كە بە هاوكاری ئاسایشی ئابووری و دەزگاو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستی بەسەردا گیراوە و لە لایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە سەرجەمیان  لەناوبراون و لە 2015 دا لیژنەكان بری 217 ملیۆن و 141 هەزار و 500 دینار غەرامەیان بۆ شوێنەگشتییەكان كردووە و بە پێی یاسا و رێنماییەكان ئەو پارەیە دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.
 
لە كۆتایدا بەختیار عبدالرحمن ئاماژەی بەوەشكرد لەم ساڵدا 50 كۆبوونەوەی تایبەت سەبارەت بە چەندین بابەتی پەیوەنیدار بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە ئەنجام داوە و ئامانجمان خزمەتكردنی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و  رێگریكردنە لە سەرپێچی و  كاری نایاسایی .