بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئەمڕۆ دووشەممە شاندێكی ژوری هاوكاری پارێزگای كرماشان سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییان كرد.
لەكۆبونەوەیەكدا بە ئامادەبونی یاسن رەحیم جێگریی یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هەریەكە لە د.رزگار جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی و محەمەد جەبار بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەگەڵ شاندی ژوری هاوكاری پارێزگای كرماشان پەیوەندیی ئابوریی و بازرگانییەكان تاوتوێ كرا.
لەبارەی كۆبونەوەكەوە یاسن رەحیم جێگریی یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند” هاتنی ئەم شاندە بۆ زیاتر گرنگیدانە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوریی و كشتوكاڵیەكان لەنێوان شاری سلێمانی و پارێزگای كرماشاندا كە پەیوەندییەكی دێرینی بازرگانی لەنێوان هەردولادا هەیە وە دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە كاری نێوان بازرگانان و پیشەسازان لەسەرجەم بوارەكاندا یەكبخەین.
لای خۆشیانەوە شاندەكەی ژوری هاوكاری پارێزگای كرماشان سوپاسی ژوریی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان كرد كە بەردەوام هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی ئابوریی و بازرگانی لەنێوان بازرگانانی هەردولادا دەدەن تابتوانن ئاڵوگۆڕی زیاتری بازرگانی ئەنجام بدەن.