داخستنی خاڵی سنوری نێوان وڵاتی توركیا و هەرێم پێدەنێتە هەفتەیەك، ئەمەش كێشەی بۆ بازرگانان دروستكردووەو رایدەگەیەنن زیانی ئابووری پێگەیاندوون، بۆیە ئێستا ڕێڕەوی ڕێگەیان گواستۆتەوە بۆ سنورەكانی ئێران.
بەرهەم بورهان بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بورهان كە بازرگانی بواری خۆراكە، لەلێدوانێكدا رایگەیاند “چەند ڕۆژێكە ئەو باڕانەی بۆمان هاتووە لە سنوری توركیا گیریان خواردووەو ناتوانن بگەنە خاكی كوردستان ، ئەمەش زیانی زۆری دەبێت بۆ ئێمەو كەرتی بازرگانی و ژیانی خەڵك”.
ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەشكرد “لەئێستادا ئێمە زۆربەی كارەكانی ترو هێنانی بارەكانمان وەستانووە، بەهۆی داخستنی مەرزی ئیبراهیم خەلیل، چونكە گەر هەر لەوێدا بمێنێتەوە، ئەوا ئێمە ڕۆژانە كرێی ئۆتۆمبێل و شوێنی مانەوەمان لەسەر زۆر دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەكەین خاڵی نێوان هەردولا بكرێتەوە و هاتوچۆكردن ئاسایی بێتەوە”.
بەرهەم ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی داخستنی ئەو سنورەوە زۆرێك لەبازرگانان ڕێڕەوی ڕێگەیان گواستۆتەوە بۆ سنورەكانی ئێران، بەڵام بەمەش هەر كرێ زیاد دەبێت لەسەرمان.
ماوەی 8 ڕۆژە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل لە نێوان وڵاتی توركیاو هەرێمی كوردستان داخراوەو جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆ هاوڵاتیان ڕاوەستاوە، بەهۆی ئەو خۆپێشاندان و شەڕەی لەشارە كوردیەكانی باكوری كوردستان هەیە.
سەرچاوە: دوارۆژ