ماوەی حەوت رۆژە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی داخراوە، زیانێکی گەورەی ئابووری بە هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا دەکەوێ و هاتوچۆی هاووڵاتییانیش پەکی کەوتووە.
بەهۆی داخستنی ئەم دەروازەیەوە، هاووڵاتییانی تورکیا كە لە هەرێمی کوردستان كار دەكەن، نیگەرانن چونكە ئەوان ناتوان بگەڕێنەوە نێو خێزانەكانیان و بەگوتەی خۆیان رۆژانە زیانی مادی ئەوان زۆرتر دەبێت، بۆیە داواكارن بە زووترین كات رێگە بكرێتەوە.
لەئێستاشدا لەناو خاکی تورکیاو هەرێمی کوردستاندا بە سەدان ئۆتۆمبێلی بازرگانی ڕاوەستاون و ناتوانن هاتوچۆبکەن کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیانی ئابوری لەنێوان هەردولادا.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تاكە دەروازەی نێودەوڵەتی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیایە و دەكەوێتە قەزای زاخۆ و سەر بە پارێزگەی دهۆكە، رۆژانە بە سەدان هاووڵاتی و بازرگان لەم دەروازەیەوە هاتوچۆ دەكەن.