گەورەترین بازاڕی ژنان لە هەولێر كرایەوە

 

بە هەڵدانی یاریە ئاگرینەکان و نمایشی جلوبەرگی بوک، بۆ یەکەم جار فێستیڤاڵی کردنەوەی بازاڕێکی تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بازاڕی داون تاون، مەبەست لێی دابینکردنی هەلی کارە بۆ ئافرەتان.



ئیحسان زەنگەنە، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ڕایگەیاند ” ئامانجی داون تاون هەولێر، بازاڕی تایبەت بە ئافرەتان دروستکردنی هەلی کارە بۆ 20 هەزار کچی ئەم وڵاتە، لەگەڵ لادانی بەشێک لە ئەرک و قورسایی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.



ئەگەرچی بازاڕەکە بۆ خانمان کرابووەوە، بەڵام دیمەنەکان پێچەوانە دەبیندران، چونکە بەشداری ژنان لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکە کەمتر بوو لە پیاوان.

 تاوەکو ئێستا بازاڕێکی تایبەت بە خانمان لە باشووری کوردستاندا نەبووە، رەنگە کردنەوەی ئەم بازاڕەش دەرفەتێکی باشتر بۆ ئەو ژنانە بڕەخسێنێت، کە دەیانەوێت هەم کڕیار بن و هەم فرۆشیار.