بانکی جیهانی بڕیایدا هاوکاری عێراق بکات بۆ چارەسەکردنی دۆخە داراییەکەی بە پێدانی قەرزێکی گەورە بە بەهای ملیاردێک و 200 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی 18-12-2015 لە بەیاننامەیەکیدا، بانکی جیهانی رایگەیاندووە، لە پێناو هاوکاریکردنی بەغدا بۆ چارەسەکردنی گرفتە داراییەکانی، کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی خەرجییە سەربازییەکانیەوە رووبەڕووی بووەتەوە، بڕیاری پێدانی قەرزی بەو وڵاتە پەسندکرد.
بەگوتەی فەرید بیلحاج، یەكێك لە بەرپرسانی بانكی جیهانی، ئەو قەرزە بە یەكجار دەدرێتە عێراق و پێویستە پێش كۆتایی ئەمساڵ بگاتە دەست بەغدا.
هەر بەپێی بەیاننامەکەی بانكی جیهانی، ئامانجی ئەو قەرزە گەشەپێدان و رێخکستنەوەی سسیتەمی دارایی گشتییە لە عێراق.
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە پێشتر عێراق داوای قەرزی لە چەند بانکێکی نێودەوڵەتی کردبوو بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانانەی کە لە بودجەکەی دروست بووە، كە قەبارەی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2016 بە 24 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە.