بە پێی ئاماری لیژنەی لەناوبردن لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا لە سنوری شاری سلێمانی زیاتر لە 360 تۆن مەوادی ماوەبەسەرچوو لەناوبراون، و سەرۆكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت سەرجەمیان لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناوبراون.
لە ئامارەكەدا هاتووە لیژنەی لەناوبردنی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی لە ماوەی 11 مانگی رابردوو دا لە بەرواری 1/1 تاوەكو 1/12/2015، بری 362 تۆن و 878 كیلۆگرام مەوادی ماوەبەسەرچوو لەناوبراون كەپێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە .
لەبارەی جۆری ئەو مەوادانەی لەناوبراون خالید محەمەد سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاند: جۆری مەوادەكان بریتیبوون لە خۆراك وخواردەمەنی مناڵان، شیرەمەنی، مەوادی پاكەرەوە و جوانكاری، كەرەستەی ترشیات و خواردنی لەقوتونراو، لەگەڵ برێك عەلەفی پەلەوەرو كەلوپەلی خراپبوودا ، كەسەرجەمیان خراپ بوون و بەكارهێنانیان زیانێكی زۆر بەتەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ دەگەیەنێت.
سەرۆكی لیژنەكە وتیشی ئەو مەوادانەی لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەستی بەسەردادەگیرێت، لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی سلێمانییەوە پشكنینی تاقیگەییان بۆ ئەنجام دەدرێت و پاش دڵنیابوون لە دەرەنجامی پشكنینەكان لەناودەبرێن.
خالید محەمەد ئەوەشی خستەروو سەرجەمی ئەو كەل و پەل و مەوادانەی ماوەی بەمارهێنانیان بەسەرچووە بە بریاری قائیمقامی سلێمانی لە لایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێن.