یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم لەگەڵ شاندێكی ئەمریكا كۆبونەوە

بەئامانجی زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكان شاندێكی بازرگانیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەشاری هەولێر لەگەڵ یەكێتی ژورە بازرگانییەكانی هەرێم كۆبونەوە.

كۆبونەوەكە لە شاری هەولێر و بەئامادەبونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بازرگانان بەڕێوەچوو.

لای خۆیەوە سیراون محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند” لەم كاتەدا و لەم بارودۆخەی ئێستادا سەردانیكردنی ئەو شاندە ئەمریكییە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی خۆی هەیە كە ئەم كۆمپانیایانە لە بوارەكانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و نەوت و بازرگانی گشتی لەخۆدەگرێت.

سیراون محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد” هیوادارین بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان بتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و پەیوەندی لەگەڵ بازرگانان و كۆمپانیاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دروست بكەن.
 

جێی ئاماژەیە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە هیچ وەفدێكی بازرگانیی ئەمریكی لەئاستێكی باڵای لەم شێوەیەدا سەردانی هەرێمی كوردستانی نەكردووە.