سلێمانی: لیژنەی رێستۆرانتەكان ئاماری 10 مانگی رابردوو بڵاودەكاتەوە

 

بە پێی ئاماری لیژنەی رێستۆرانتەكان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە سنوری شاری سلێمانی (394) رێستۆرانت بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەكانەوە رووبەرووی سزای ماددی كراوەتەوە، و سەرۆكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سەرپێچییەكاندا مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.
 
لە ئامارەكەدا هاتووە لیژنەی رێستۆرانتەكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی لە ماوەی 10 مانگی رابردوو دا لە بەرواری 1/1 تاوەكو 1/11/2015، (1360) سەردانی بۆ رێستۆرانت و هۆتێل و چێشتخانەكانی سنوری شاری سلێمانی ئەنجامداوە و لەو سەردانەنەشدا بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەكانەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆ (394) شوێن كراوە.
 
لەبارەی ئامارەكەوە سامان عمر سەرۆكی لیژنەی رێستۆرانتەكان رایگەیاند: لەو ماوەیەدا بە هۆی پابەندنەبوونی بەشێك لە رێسۆرانتەكانەوە (36) شوێن داخراون و (11) شوێنی تریش رووبەرووی دادگا كراوەتەوە.
 
سەرۆكی لیژنەكە ووتیشی  لە درێژەی سەردانكردنمان بۆ رێسۆرانت و شوێنە گشتییەكان رێنماییی پێویسیان پێدەدرێت و لە كاتی هەبوونی سەرپێچیدا ئاگاداردەكرێنەوە تاوەكو پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن و لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سەرپێچیكانیشدا مامەمەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.
 
سامان عمر ئەوەی خستەروو لەلایەن لیژنەكەیانەوە دەست گیراوە بەسەر بڕی 22 تۆن و 588 كیلۆگرام خۆراك و گۆشتی خراپبوو ، كە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نەبوون و بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەناوبراون.