دەزگای ئاماری توركیا گەشەی ئابووری وڵاتەكەی ئاشكرا دەكاتو رایدەگەیەنێت: كۆی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا لە چارەكی سێهەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا 4 گەشەی كردوەو گەیشتۆتە 34 ملیار و 934 ملیۆن لیرەی توركی.
بەگوێرەی داتاكانی دەزگای ئاماری توركیا، لەچارەكی سێیەمی ئەمساڵدا ئابووری توركیا بەڕێژەی لەسەدا 4 گەشەی كردوەو ئاستی پێشبینیەكانی تێپەڕاندوەو گەیشتۆتە 34 ملیارو 934 ملیۆن لیرە.
لەوبارەیەشەوە (محەمەد شیمشەك) جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیاو بەرپرسی دۆسیەی ئابووری رایگەیاندوە، بەرزبوونەوەی ئاستی گەشەی ئابووری بەهۆی كەرتی تایبەتەوە تۆماركراوەو پێشبینی ئەوەش دەكرێت، ساڵی داهاتوو بەرهەمی ناوخۆیی توركیا زیاتر بەرز ببێتەوە.
هەروەها لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەدا 3 پۆینت 4 گەشەی كردوەو گەیشتۆتە 97 ملیارو 235 ملیۆن لیرە.
ئامارەكان ئەوەش دەخەنەڕوو، كە لەچارەكی سێهەمی ئەمساڵدا، تێكڕای بەهای باج لە كەرتی كشتوكاڵدا، گەیشتۆتە 5 ملیار و 289 ملیۆن لیرەو باجی كەرتی پیشەسازیش بۆ 10 ملیارو 364 ملیۆن لیرە زیادیكردوە، هەروەها باجی سەر كەرتی خزمەتگوزاری لەسەدا 5 زیادیكردوەو گەیشتۆتە 19 ملیارو 783 ملیۆن لیرەی توركی.
ز.ر