بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رێژەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەمانگی 11 دا بەبەراورد بە مانگی 10 بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان، لە مانگی 11ی 2015 دا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی بۆرییەوە 18 ملیۆن و 23 هەزار و 75 بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، كە زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیلی لە كێڵگەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە و نزیكەی 5 ملیۆن بەرمیلیش لە كێڵگەكانی كەركووكی ژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكوور بووە.
بەو پێیەش هەرێمی كوردستان، لە مانگی رابردوودا رۆژانە 600 هەزار و 769 بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.
لە مانگی 10ی 2015 دا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیبووی رۆژانە نزیكەی 595 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، بەو پێیەش ئاستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی 11-دا بەراورد بە مانگی پێشووتری بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.